دەیان گیراوی رۆژئاوای كوردستان ئازاد كران

:: AM:11:32:11/03/2026 ‌
خاڵێكی تری رێككەوتنی نێوان هێزە كوردییەكان و حكوومەتی كاتیی سووریا، دەچێتـە بواری جێبەجێكردن و 100 گیراو ئازاد دەكرێن.

ئەمڕۆ چوارشەم 11ـی ئادار، بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی حەسەكە بڵاوی كردەوە، پرۆسەی ئاڵوگۆڕی گیراوان كرا و  100 گیراو لە گرتووخانەكانی سەربە حكوومەتی سووریا ئازاد كراون، هەروەها لەگەڵ ئازادكردنی 100 گیراو لە گرتووخانەكانی "هەسەدە” لە پارێزگای حەسەكە.

ئاماژەی بەوەش كراوە، ئەو گیراوانە كە لەلایەن هێزەكانی هەسەدەوە ئازاد كراون لەگەڵ گەیشتنیان بە بازنەی پانۆراما لە شاری حەسەكە، لەلایەن تیمی سەرۆكایەتی و هێزە تەناهییەكانی ناوخۆوە پێشوازییان لێ كرا.

روون كراوەتەوە، ئەو ئاڵوگۆڕ و ئازادكردنی گیراوان لە چوارچێوەی رێكارەكان بوو بۆ دڵنیابوون لە گەڕانەوەیان بە سەلامەتی و تەواوكردنی پرۆسەكە بەشێوەیەكی رێكخراو.

لە سەرەتای ئەمساڵ هێزەكانی سووریای دیموكرات و حكوومەتی سووریا، لەسەر ئاگربەست گەیشتنە رێككەوتن، لەگەڵ لێكتێگەیشتن لەسەر یەكخستنی قۆناغ بە قۆناغی هێزە سەربازی و ئیدارییەكان لە نێوان هەردوولا و هاتنە ناوەوەی هێزە تەناهییەكان بۆ ناو سەنتەری شارەكانی حەسەكە و قامشلۆ، رادەستكردنی سەرجەم داودەزگا مەدەنی و حكوومییەكان و دەروازە و بەندەرەكان بە دەوڵەت.


وشە - رامیار جەواد