لەناو فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەنگۆی ئەوە بڵاو كراوەتەوە كە هەفتەی داهاتوو لەلایەن حكوومەتەوە بكرێتە پشوو، بەڵام "وشە" بەدواداچوونی لەسەر ئەو دەنگۆیە كرد.
دەنگۆیەكە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان جیا لەمڕۆ كە 11ی ئادارە سبەینێ پێنجشەمیشی كردووە بە پشوو ئەوەیش گومانی ئەوە دروست كردووە كە هەفتەی داهاتوو تا دوای جەژن بەتەواوی بكرێت بە پشوو.
بەپێی بەدواداچوونەكانی "وشە" كە لە چەند سەرچاوەیەكی فەرمییەوە وەری گرتووە، هەفتەی داهاتوو تەنیا 14ی ئادار پشوو بوو، بەڵام ئەوە دەكەوێتە ڕۆژی شەموو، بۆیە هەفتەكە بە تەواوی پشوو نییە، بەڵام دامەزراوەكان راسپێردراون كە بەهۆی بەردەوامی شەڕی ئێران- ئەمەریكا و ئیسرائیل دەوام كەم بكرێتەوە بۆ فەرمانبەران.
جێی ئاماژەیە كە لەسەرەتای دەسپێكردنی ئەو شەڕەوە هۆشداری درابوو بە فەرمانگەكان تا بۆیان دەكرێت فەرمانبەران كەمتر دەوام بكەن. لەبارەی پشووی جەژنیش هێشتا حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری فەرمی نەداوە، بەڵام هەندێك سەرچاوە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە پێدەچێ هەفتەیەك بكرێت بە پشووی جەژنی رەمەزان و جەژنی نەورۆز.