نووسەرێكی سلێمانی كە دكتۆرای لە كۆمەڵناسیی سیاسیی هەیە رەخنەی توند لە چەند میدیایەكی شارەكە دەگرێت كە بەهۆی بڵاوكردنەوەی هەواڵ و زانیارییەكانیان بوون بە چاوساغی دوژمن بۆ بۆردمانی كوردستان.
مەجید ساڵح لە واڵی خۆی لە فەیسبووك نمونەی بە هەواڵێكی سایتی شارپرێس هێناوەتەوە / شار پرێس سایتێكی لۆكاڵی سلێمانییە/ و نووسیویەتی، بڵاوبوونەوەی هەواڵی "بچووككردنەوەی زۆنی بەرگریی ئەمەریكا لە هەولێر" و باسكردنی وردەكاریی كارنەكردنی سیستمە دژەمووشەكییەكان، لە ڕوانگەی سەربازی و تەناهییەوە گواستنەوەی هەواڵ نییە، بەڵكو پێدانی "دیارییەكی هەواڵگریی بێبەرانبەر"ە بەو لایەنانەی هێرش دەكەنە سەر كوردستان.
روونیشی كردووەتەوە كە كاتێك بە وردی دەوترێت فڵان گەڕەك یان فڵان شەقام چیتر لەژێر چەتری بەرگریدا نییە، ئەمە ڕێك بانگهێشتكردنی هێرشبەرە بۆ ئەوەی ئاراستەی موشەك و درۆنەكانی بۆ ئەو شوێنانە بگۆڕێت كە مەدەنی نشینن، جیا لەوەی بڵاوكردنەوەی هەواڵی كەمبوونەوەی توانای بەرگری لە كاتی جەنگدا، ترس و دڵەراوكێ لەناو هاووڵاتییاندا بڵاو دەكاتەوە و هەستی ئاسایش لەناو دەبات.
بە بڕوای مەجید ساڵح كاتێك میدیا دەڵێت "درۆنەكە چەند سەد مەترێك دوور لە ئامانجەكەی كەوتووە و سیستمەكە كارای نەبووە"، هێرشبەر سوود لەم زانیارییە وەردەگرێت بۆ ئەوەی لە هێرشی داهاتوودا نیشانەگرتنەكەی وردتر بكات.
" ئەو سەرچاوە تەناهییەی نهێنییەكی وا دەدركێنێت، گەورەترین خیانەتی پیشەیی بەرانبەر پاراستنی خەڵك كردووە. هەروەها ئەو میدیایەی كە سەبەقكردنی ڕۆژنامەوانی دەخاتە پێش ئاسایشی نیشتمانی، دەبێت بزانێت كە هەموو هەواڵێك بۆ بڵاوكردنەوە ناشێت، بەتایبەت كاتێك بابەتەكە پێوەندی بە ژیان و مردنی خەڵكەوە هەیە" مەجید ساڵح وای نووسیوە. دووپات دەكاتەوە كە لە كاتی جەنگدا، وشە دەتوانێت هێندەی موشەك كاریگەر بێت.