ئی پسوولە خرایەوە خزمەتی هاووڵاتییان

:: PM:12:27:12/03/2026 ‌
بەهۆی باشتركردنی خزمەتگوزارییەكانی و چەند كێشەیەكی تەكنیكی خزمەتگوزاریی ئی پسوولە وەستابوو، بەڵام ئەمڕۆ دووبارە كەوتەوە كار.

لە 12ـی ئادار، سەكۆی ئی پسوولە دووبارە كەوتەوە كار، دوای وەستان بۆ ماوەی زیاتر لە یەك هەفتە بەهۆی كێشەی تەكنیكی كە بووە هۆی وەستانی خزمەتگوزارییەكان.

ئی پسوولە بڵاوی كردووەتەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە بەدواداچوون و گرتنەبەری ڕێكاری پێویست و ڕێگریكردن لەهەر وەستانێكی خزمەتگوزاری لە داهاتوودا.

ئەوە لە كاتێكدایە ئی پسوولە هەنگاوێكی گرنگە بۆ پارەدانی پارەی كارەبا لە رێگەی ئەلیكترۆنی بەبێ‌ ئەوەی هاووڵاتی بچێـتە فەرمانگەكانی كارەبا.

بەهۆی ئەوەی لە ماوەی رابردوودا ئەو کێشە تەکنیکییە رێگر بوو لەوەی هاووڵاتییان سوودمەند بن لەو پاڵپشتییەی کە بە %20 بۆ کۆی گشتیی پسوولەی کارەبا دانرابوو لە رێگەی بەکارهێنانی "ئی-پسوولە"وە، حکوومەت بڕیاری دا ئەم دەستپێشخەرییە و داشکاندنەکە تاوەکو 24ـی ئاداری 2026 درێژ بکاتەوە، هاوکات ئاماژەی بەوەش کردووە، بەشێک لە هاوبەشانی ماڵان دەکرێت ئەم بڕە پاڵپشتییە وەک داشکاندن بخرێتە سەر پسوولەی کارەبای مانگی داهاتوویان.

لە 10ی شوبات، بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، دەستپێكردنی گشتگیری پلاتفۆرمی "e-Psûle" (ئی-پسوولە) ڕاگەیەنرا، كە سیستمێكی نیشتمانیی یەكگرتووە بۆ پێدانی پسوولە حكوومییەكان بەشێوەی دیجیتاڵی.

ئەم پلاتفۆرمە بە فەرمی لەلایەن بانكی ناوەندیی عێراقەوە پەسند كراوە؛ ئەم هەنگاوە وێستگەیەكی گرنگ و چارەنووسسازە لە چوارچێوەی ستراتیجی حكوومەت بۆ وەرچەرخانی دیجیتاڵی، كە كۆتایی بە دەیان ساڵ لە كاركردن بە مامەڵەی نەختی (كاش) و ڕۆتینی كاغەزی دەهێنێت.

ئەم پلاتفۆرمە نوێیە، ڕێگە بە هاووڵاتییان دەدات لە سەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، پسوولە حكوومییەكان – كە سەرەتا بە پسوولەی كارەبا دەست پێ دەكات – لە هەر كاتێكدا (بەشێوەی 24 سەعاتی) و لە هەر شوێنێك بن، بەكار بهێنن، بەبێ ئەوەی پێویست بە سەردانكردنی فەرمانگە حكوومییەكان و نۆرەگرتن بكات.

بەكارهێنانی پلاتفۆرمەكە بێ بەرانبەرە و هاووڵاتی هیچ تێچوویەكی زیادە (عمولە) لە كاتی پارەدان لە ڕێگەی ئەپڵیكەیشنەكە یان لە ڕێگەی هاوبەشە ڕێگەپێدراوەكانەوە لە ئەستۆ ناگرێت.

گرنگترین تایبەتمەندییەكانی ئی پسوولە "e-Psûle":
• كۆنترۆڵی تەواو: هیچ لێبڕینێك ناكرێت بەبێ ڕەزامەندیی هاووڵاتییان لە مووچە یان هەژماری بانكی؛ واتە هاووڵاتی خۆی بڕیاردەرە لە ئەنجامدانی پرۆسەی پارەدانەكە.

• شەفافییەت: سیستمەكە وردەكارییەكانی پسوولەكە بە ڕوونی پێشان دەدات، بە جیاكردنەوەی "قەرزی كۆن" لە "پسوولەی ئێستە" بۆ ئەوەی هاووڵاتی بە وردی بزانێت پارەی چی دەدات.

• فرەیی كەناڵەكان: دەكرێت پارەدانەكە ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ئەپڵیكەیشنی "e-Psûle"، یان لە ڕێگەی جزدانە ئەلیكترۆنییەكان وەك: (FastPay, AsiaPay, NassWallet) و بانكە بەشدارەكان (FIB, Cihan, NBI) ئەنجام بدرێت.

ئەم پڕۆژەیە بۆ دووپاتكردنەوەی پابەندبوونی حكوومەتی هەرێمە، بە دابینكردنی خزمەتگوزاریی سەردەمییانە، كە شایستەی هاووڵاتییانە و برەودانە بە شەفافییەتی دارایی و ئاسانكاریی بۆ ژیانی ڕۆژانە. 





وشە - رامیار جەواد