شێروانی: ئەركی حكوومەتە سەرچاوەكانی وزە و نەوت لە هەموو عێراق بە كوردستانەوە بپارێزێت

:: PM:03:32:12/03/2026 ‌
گرووپە تیرۆرستییەكانی بەرەی موقاومە، بەردەوامن لە هێرشەكانیان بۆسەر ئاسایش و ئارامی و وزەی كوردستان، شارەزایان پێیان وایە گرووپەكانی عێراق دەیانەوێ لە ڕێگەی هێرشە تیرۆرستییەكانیان، كوردستان تێوەگلێنن لە شەڕ و شەڕی پێ دەفرۆشن.

د. گۆڤەند شێروانی مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی نەوت، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەو كردەوە تیرۆیستییانەی لەلایەن گرووپە چەكدارییەكان دژ بە كوردستان جێبەجێ دەكەن، سیاسەتی وڵاتێكی ترە دەیانەوێ شەڕەكە بگوازنەوە بۆ هەموو ناوچەكە.

شێروانی دەڵێ، كوردستان ناوەندێكی ئارام و گەشەكردووە، پێیان قورسە لە عێراق پێشكەوتوو ئارامترە، گرووپە تیرۆرستییەكان دەرفەت دەقۆزنەوە و هێرشی ترۆرستی دەكەنە سەر كوردستان، بۆ لێدان لە ئابووری و تەناهیی ئەو شوێنانەی لە كوردستان دەكرێنە ئامانج شوێنی خەڵكی سڤیلە.

ئەو لە بەشێكی تری لێدوانەكەیدا گوتی، ئەو گرووپە تیرۆریستییانە هێرش دەكەنە سەر وزە و نەوت و هەڕەشەكردن لە كۆمپانیاكانی بواری نەوت و وزە، بووەتە هۆی ئەوەی كاركردن لە بەرهەمهێنانی وزەی گاز و نەوت ڕابگەیەنرێ‌، كاریگەریی لەسەر كوردستان هەبێت و ئاستی پێدانی كارەبا كەم بێتەوە.

"سەركردەكانی كورد دووپاتیان لەوە كردووەتەوە كە كوردستان نابێتە لایەنێكی شەڕ، دووپاتی ئەوە دەكەنەوە كوردستان نابێتە بنكەیەك بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتی دراوسێ، هەرچەندە لەلایەن ئێران و گرووپە تیرۆریستییەكانی لە عێراق لە بەرچاو نەگیراوە، بەڵام ئەركی حكوومەتی عێراقە سەرچاوەكانی وزە و نەوت لە هەموو عێراق بە كوردستانەوە بپارێزێت، بەڵام نەیتوانیوە و ڕێگر بێت لە بەردەم گرووپە تیرۆریستییەكانی دەرەوەی یاسا كە لە بەرژەوەندیی ئابووری گەلانی عێراق دەدەن"، گۆڤەند شێروانی وای گوت.

هەڵەبجە/ عەزیز هەورامیی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم