"لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان یەكڕیز و تەبا بن"

:: PM:03:46:12/03/2026 ‌

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە دیدارێكدا لەگەڵ مامۆستا سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، دۆخی گشتیی هەرێمی كوردستان و عێراق و دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكەیان تاوتوێ كرد.

هەردوولا هاوڕا بوون كە هەستیاریی قۆناغەكە و مەترسییەكانی پەرەسەندنی شەڕ لە ناوچەكەدا، دەخوازێت لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان یەكڕیز و تەبا بن، بۆ ئەوەی پێكەوە ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەكان ببنەوە و قەوارەی فیدراڵی و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان بپارێزن.

نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە وەك هەمیشە لە هەوڵەكانی بۆ لێكنزیكخستنەوەی لایەنەكان و پاراستنی یەكڕیزی بەردەوام دەبێت، تا هەرێمی كوردستان بە ئارامی و سەقامگیری ئەم قۆناغە هەستیارە تێپەڕێنێت.

لە تەوەرێكی تری دیدارەكەدا، تیشك خرایە سەر پێوەندییەكانی هەولێر و بەغدا و دووپات لە چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور كرایەوە. 

مامۆستا سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین دەستخۆشیی لە هەوڵە بەردەوامەكانی نێچیرڤان بارزانی كرد بۆ پاراستنی سەقامگیریی سیاسی لە هەرێمی كوردستان و ڕۆڵی ئەوی لەمبارەیەوە بە گرنگ نرخاند.

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم