چاودێرێكی سیاسی: پێویستە گوشار لە بەغدا بكرێت میلیشیاكان كۆنترۆڵ بكەن

:: PM:02:57:14/03/2026 ‌
 هێرشی گرووپە چەكدارەكان دژ بە هەرێمی كوردستان بەردەوامە، چاودێرانی سیاسی دەڵێن، ئەو گرووپانە داردەستی وڵاتانی ترن و بەكاریان دەهێنن. دووپات لەوە دەكەنەوە كە گرنگە كورد بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی ناوخۆی هەبێت، كەناڵی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێرانیش هەبێت. 

هەڵمەت پاڵانی چاودێری سیاسی، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە هێرشكردنە سەر كوردستان لەلایەن گرووپە چەكدارییە تیرۆریستییەكان، بەرنامەی وڵاتانی ترە جێبەجێ دەكرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد كە پێویستە كورد كەناڵی دیپلۆماسیی لەگەڵ ئێراندا هەبێت، هەرچەند لە بەرژەوەندیی ئێران نییە دەوڵەتانی ناوچەكە بڕۆنە ناو جەنگەكەوە و تەنانەت بۆ هەموو ناوچەكە زۆر خەراپە.

هەڵمەت پاڵانی بڕوای وایە، بوونی گوشارێكی زۆر لەسەر حزبەكانی ڕۆژهەڵات، ناچار دەبن بڕۆنەوە بۆ ناو خاكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و شاخەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان.

"سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بۆ پاراستنی مەترسیی گەورە بۆ سەر هەرێمی كوردستان، بێلایەنن لەم جەنگە و توندوتیژی دوور دەخەنەوە لە قەوارەی سیاسیی كوردستان، بەڵام پێویستە گوشار لە بەغدا بكرێت میلیشیاكان كۆنترۆڵ بكەن" هەڵمەت پاڵانی وای گوت.

ئەوە لە كاتێكدایە كە لە سەرەتای هەڵگیرسانی شەڕی ئێران– ئەمەریكا و ئیسرائیل، گرووپە لە یاسادەرچووەكانی عێراق هێرش دەكەنە سەر هەولێر و دەیانەوێ‌ سەقامگیریی ناوچەكە تێكبدەن. 
 
وشە/ عەزیز هەورامی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم