وەزارەتی پێشمەرگە دەنگۆی هێرشکردنە سەر حەشدی شەعبی ڕەت دەکاتەوە

:: PM:11:16:14/03/2026 ‌
ئەمڕۆ شەموو 14ی ئاداری 2026، وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەو دەنگۆیانەی بە توندی ڕەت کردەوە کە گوایە هێزەکانیان دەستیان لە هێرشکردنە سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای سەلاحەدین هەبووە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئەمڕۆ لە چەند کەناڵ و پەیجێکی ڕاگەیاندندا هەواڵێکی ناڕاست بڵاو کراوەتەوە لەسەر بەشداریکردنی پێشمەرگە لەو هێرشەدا، بۆیە وەزارەتی پێشمەرگە تەواوی ئەو دەنگۆ و هەواڵانە بە توندی ڕەت دەکاتەوە و دووپاتی دەکاتەوە کە هێزی پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەک بەشێک نییە لەو گرژی و ململانێ سەربازییانەی لە ناوچەکەدا هەن.

وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش داوە کە هێزەکانیان بەشداریی هیچ جۆرە کردەیەکی سەربازییان دژی هیچ لایەنێک نەکردووە.

لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا وەزارەتی پێشمەرگە ڕوونی کردەوە کە ئەرکی سەرەکیی هێزەکانیان پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییە، هاوکات پابەندبوونی خۆیشی بە هاوئاهەنگی و کاری هاوبەش لەگەڵ هێزە تەناهییەکانی عێراق دووپات کردەوە.


وشە - پۆڵا مەحموود