كاركردنی كەناڵی جەزیرە لە هەرێمی كوردستان راگیرا، ئەوە دوای ئەوەی كە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، دەزگاكانی راگەیاندنی ئاگادار كردبووەوە رووماڵی هاتنی درۆن نەكەن، چونكە ئەوە مەترسیی دەخاتە سەر ئاسایشی گشتی و ئەو كەناڵە پابەندی ئەو ڕێنوێنییە نەبوو.
ئەمڕۆ یەكشەم 15ی ئادار، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" بڕیاری راگرتنی كەناڵی جەزیرە بۆ ماوەی دوو هەفتە لە هەرێمی كوردستان دراوە، ئەوە دوای ئەوەی كە رووماڵی هاتنی درۆنی بۆ كوردستان كردبوو، جیا لەوەیش وەك چاوساغی دوژمن دەردەكەوتن.
كەناڵی جەزیرە ماوەیەكی كەمە لقێكی تری بەناوی جەزیرە كوردی لە هەرێمی كوردستان كردووەتەوە، بەڵام وەك چاودێری دەكرێت لە ئاستی خەمی كوردستان نین و پێچەوانەی رێنوێنی رووماڵ دەكەن.
ئاسۆ هاشم پارێزەری راوێژكار، بە "وشە"ی گوت، لە كاتی شەڕی رۆژئاوای كوردستانەوە بەرانبەر ئەو كەناڵە سكاڵای یاسایی تۆمار كردووە و ئێستە كاری لەسەر دەكرێت، چونكە دژی بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی كوردستان كار دەكەن.
ڕاگەیەنراوێك لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە
بەهۆی ئەو بارودۆخە تەناهی و هەستیارەی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە پێیدا تێپەڕ دەبێت، ئەركی هەموو دەزگەكانی ڕاگەیاندن و لایەنە پیوەندیدارەكان و سەرجەم هاووڵاتییانە كە بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە بكەن، خۆیان لە هەر جۆرە ڕەفتارێك یان بڵاوكردنەوەی زانیاری و نهێنییەك بپارێزن كە خزمەتی نەیارانی كوردستان دەكات و زیان بە ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم دەگەیەنێت.
هەر بۆ ئەو مەبەستە فەرمان بە دژەتیرۆری كوردستان كراوە كە هەر دەزگەیەكی ڕاگەیاندن بە بڵاوكردنەوەی زانیاری و نهێنییەكان و پۆششدانی ناپرۆفیشناڵانەی هەواڵەكانی شەڕ و پەلامارەكانی دوژمن، زیان لە ئاسایشی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بدات، دەستبەجێ ئەو دەزگەیە لەلایەن دژەتیرۆری كوردستانەوە ڕووبەڕووی لێپیچینەوە دەبێت و بەپێی یاسا ڕێكاری پێویستیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر، هەروەها هەر بەرپرسێكیش بەهۆی لێدوانەكانی ببێتە هۆی ئاشكرابوونی زانیاریی هەستیار و لێدوانەكانی خزمەتی دوژمن بكات و زیان لە ئاسایشی هەرێم بدات، بەپێی یاسا لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەكرێت.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان
13ی ئاداری 2026