بڕیارە سبەی ئەوقافی هەرێمی كوردستان لە رێگەی لیژنەكانی بینینی مانگ لە هەرێمی كوردستان، بڕیار لەسەر یەكەم ڕۆژی جەژن بدات.
ئەمڕۆ سێشەم 17ـی ئادار، نەبەز ئیسماعیل گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئێوارەی سبەی لیژنەی باڵای بینینی مانگ كۆ دەبێتەوە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لیژنە لاوەكییەكان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان، بە وردی چاودێری بینینی مانگ دەكرێ بە مەبەستی دیاریكردنی یەكەم رۆژی جەژن.
زیاتر گوتی، ئەوانە بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن جەژنە یان تەواوكاری مانگی رەمەزانە و لیژنەكە باڵا و شەرعییە، پشت بە بەڵگەی شەرعی دەبەستێت و بەگوێرەی بەڵگە روونەكان، یەكەم رۆژی جەژن دیاری دەكات.
باسی لەوەش كرد، ئەگەر سبەی مانگ لە ئاسمانی هەرێمی كوردستان بینرا، ئەوە بێگومان پێنجشەم یەكەم رۆژی جەژن دەبێت، نەشبینرا بەهەر هۆكارێك، ئەوە مانگی رەمەزان دەبێتە 30 رۆژ و هەینی یەكەم رۆژی جەژن دەبێت.
ئەوە لە كاتێكدایە لە ئێستەوە شیعەكان یەكەم رۆژی جەژنیان دیاری كردووە كە ڕۆژی شەمووە.