ئەمڕۆ سێشەم 17ی ئاداری 2026، تۆم باراک نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سووریا و باڵوێزی ئەمەریکا لە تورکیا، لە کاردانەوەی پەیامەکەی مەسروور بارزانی سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، ستایشی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدای کرد بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت.
تۆم باراک لە سەکۆی "ئێکس"، ئەو بەشەی پەیامەکەی مەسروور بارزانی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتبوو، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخە نائاساییەی کە ڕووبەڕووی وڵات بووەتەوە و ئەو بەرپرسیارێتییەی کە ئەرکی هەموومانە کار بکەین بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە، بڕیارمان دا کە لە زووترین کاتدا، ڕێگە بدەین نەوت لە ڕێگەی بۆڕیی هەرێمی کوردستانەوە بڕوات."
لە سەرووی ئەو پەیامەی سەرۆکی حكوومەتەوە، نێردەی تایبەتی ترەمپ نووسیویەتی، زۆر سوپاس بۆ هەولێر و بەغدا بۆ کارەکانیان لە پێناو گەیشتن بە ڕێککەوتن لەم کاتە هەستیارەدا، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی وزە و باشترکردنی خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا.
هەروەها تۆم باراک ستایشی هەوڵی هەردوولای کرد و ئاماژەی بەوە دا، ئازایەتی، هاوئاهەنگیی نەگۆڕ و پابەندبوونتان بە ڕێڕەوی دیپلۆماسییەوە، بەڕاستی زۆر بەنرخ بوون.
لە کۆتاییدا، تۆم باراک دووپاتی کردەوە کە ئەمەریکا بە تەواوی پابەند دەمێنێتەوە بە پاڵپشتیکردنی ئەم هەوڵە گرنگانە لەم کاتی قەیرانەدا.