لە چوارچێوەی كار و چالاكییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری مینی سلێمانی، لە كێڵگەمینی چەم وشك خوارجادە، لە شارۆكەی دەربەندیخان، 40 مین و پاشماوەی جەنگیی بەڕێگەی تەقاندنەوەیەكی ناكارەبایی لەنێوبردران، لە هەمانكاتدا ئەو مین و پاشماوە جەنگییانەش لەنێوبردران كە پێشتر لە چالاكیی جیاجیادا چارەسەركرابوون و گواسترابوونەوە بۆ شوێنی پارێزراو.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری مینی سلێمانی بڵاوی كردەوە كە 23 پاشماوەی جەنگی لە گوندی بناوەسووتە لە شارۆكەی پێنجوێن، كە لەئەنجامی چالاكییەكی پاسەوانی سنوورەوە دەركەوتبوون، دەزگای مین، تیمی تەقاندنەوەی ڕاسپارد سەردانی شوێنەكە بكەن، دوای ئەوەی تیمی ناوبراو سەردانی شوێنەكەیان كرد، پاشماوە جەنگییەكانیان گواستەوە بۆ شوێنێكی پارێزراو بەمەبەستی لەناوبردنی لە ئاییندەدا.
هەروەها لە شارەدێی شۆڕش یەك گولە تۆپی "122 ملم"، یەك گولە هاوەنی "120 ملم"، یەك گولە هاوەنی "60 ملم"، دوای پوچەڵكردنەوەیان گواسترانەوە بۆ شوێنێكی پارێزراو بەمەبەستی لەناوبردنیان لە ئاییندەدا.
لە هەریەك لە شارباژێر، شارەزوور، زڕایەن و گاپیلۆن زیاتر لە 30 مین و پاشماوەی جەنگی، لە پڕۆسەیەكی تەقاندنەوەی سەركەوتوودا لەنێوبردران.
دەزگای گشتیی كاروباری مین، هاووڵاتییان ئاگەدار دەكاتەوە، لە كاتی هەبوونی مین و تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگی، لە هەر كات و شوێنەك، دەتوانن بێ بەرانبەر پێوەندی بە گەرمەهێڵی 182 بكەن.