رۆژنامەنووسێكی سلێمانی وێنەی لۆگۆی پێشووی فڕۆكەخانەی شارەكەی بڵاو كردووەتەوە كاتێك لای دەبەن و نووسیویەتی، جوانییەكانی سلێمان با ڕێزلێگیراو بن.
نامۆ ئەحمەد سەلام، رۆژنامەنووس لە واڵی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، با ئەو راستییە بڵێم؛ رەحمەتی مام جەلال شایەنی زۆر لەوە گەورەترە كە ئەم كارەی بۆ بكرێت و فڕۆكەخانەی بەناوەوە بكرێت، خەباتی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد لە ڕابردوودا هیچ كەس ناتوانێت نكووڵی لێ بكات، دڵنیام خۆی لە ژیاندا بوایە و ئەمەی بزانیایە كە روودەدات نەك پەسەندی نەدەكرد، بەڵكو وەسیەتی دەكرد هیچ كەسیش بیری لێ نەكاتەوە.
"داخەكەم سلێمانی نەك شایەنی ئەوە بوو ناوی لەسەر فڕۆكەخانەیەكی نێودەوڵەتی هەبێت، بەڵكو دەبوو خەمخۆرانی شاری سلێمانی كاری باشتر و جوانتری بۆ بكەن، داگرتنی ئەم تابلۆیە وەك خەڵكێكی ئەم شارە ئازاری پێدام، نەك لەبەر ئەوەی ناوەكەی كراوە بە مام جەلال بەڵكو لەبەر ئەوەی شتێك نەما بە ناوی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی". ئەو رۆنامەنووسە وای نووسیوە.
هەروەها دەڵێ، كاتێك دەچوویتە فڕۆكەخانە لەسەر شاشەكە دەنووسرا گەشتی سلێمانی و فڵانە شوێن سەعات ئەوەندەیە، ئەو كەسەی بیری لەم ناوگۆڕینە كردەوە دەیتوانی بەپێی ئەو توانایەی لەبەر دەستی دایە بڕیاری دروستكردنی فڕۆكەخانەیەكی تر بدات بۆ سلێمانی.
ئەوە لە كاتێكدایە كە ئەمڕۆ بە فەرمی ناوی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی كرا بە فڕۆكەخانەی جەلال تاڵەبانی.