"هەرێمی كوردستان بە هیچ شێوەیەك لە شەڕ و ئاڵۆزییەكانەوە نەگلێ"

:: PM:07:12:18/03/2026 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە ئەرمان تۆپچو، كونسوڵی گشتیی توركیا لە هەرێمی كوردستان كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا، لەبارەی دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە و لێكەوتەكانی شەڕ و ئاڵۆزییەكان؛ بیروڕایان گۆڕییەوە. هەردوولا دووپاتیان لە گرنگیی برەودانی زیاتر بە هەوڵە دیپلۆماسییەكان بۆ ڕێگریكردن لە فراوانبوونی زیاتری شەڕ و چارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشەكان كردەوە.

دۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە بوو. لەمبارەیەوە هەردوولا هاوڕا بوون كە پێویستە هەموو هەوڵێك بدرێت بۆ ئەوەی عێراق و هەرێمی كوردستان بە هیچ شێوەیەك لە شەڕ و ئاڵۆزییەكانەوە نەگلێن و لە هەموو ئاستەكاندا كار بۆ ئەوە بكرێت ئارامی و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی كوردستان پارێزراو بێت.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا، نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی بۆ توركیا دووپات كردەوە بۆ یارمەتیدان و ئەو ئاسانكارییەی لە دەروازەكانی سنوور بۆ هاتوچۆی گەشتیاران پێشكەش بە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و عێراق بە گشتی دەكەن.

كاریگەریی شەڕ و ئاڵۆزییەكان بەسەر توركیاوە، لەگەڵ پێوەندییەكانی هەردوولا و پێشبینییەكان بۆ داهاتووی دۆخەكە و ڕووداوەكان، لایەنێكی تری كۆبوونەوەكە بوو.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم