بە فەرمی ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی گۆڕدرا

:: AM:12:20:19/03/2026 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم 19ی ئاداری 2026، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، دوای تەواوبوونی ڕێکارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، بڕیاری گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەکە بۆ "فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی" چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئەم گۆڕانکارییە ئاماژەیە بۆ دوایین بڕیاری دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی عێراقی، کە ئەمڕۆ 19ی ئادار بە فەرمی جێبەجێ کرا. هاوکات فڕۆکەخانەکە سوپاسی هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کرد کە بەپێی پێگە و پلەی خۆیان هاوکار و هاوئاهەنگ بوون بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە.

وەک لە ڕاگەیەنراوەکەدا خراوەتە ڕوو، بیرۆکە و دەستپێشخەریی ئەم کارە لەلایەن دەزگای (سەرۆک جەلال تاڵەبانی)یەوە بووە، کە بە هاوکاریی لایەنە پێوەندیدارەکان توانییان ئەنجامی بدەن، بۆ ئەوەی فڕۆکەخانەکەش ببێتە بەشێک لەو دامەزراوە ئەکادیمی و خزمەتگوزارییە گرنگانەی کە وەک دیاری و یادگاری لەسەر دەستی ناوبراو لە سلێمانی بنیات نراون.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی، پیرۆزبایی لە دانیشتووانی سلێمانی و تەواوی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، عێراق و تاراوگە کرد، و دووپاتی کردەوە کە هەڵگرتنی ئەم ناوە پاڵنەرێکی زیاتر دەبێت بۆ خزمەتکردنی شارەکە. هەروەها ئاشکرایان کرد کە لەمڕۆوە سەرجەم وێبسایت و پلاتفۆرمەکانی فڕۆکەخانەکە بەم ناو و ناونیشانە نوێیەوە بەردەست دەبن.


وشە - پۆڵا مەحموود