فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، بەتوندی ئەو لێدوانەی پەرلەمانتار بەها ئەعرەجی سەركۆنە دەكەین و رەتدەكەینەوە، كە بەراشكاوی دەستووری بەزاندووە و قبووڵنەكراوە.
فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە توندی سەركۆنە و رەتكردنەوەی خۆی بۆ ئەو لێدوانانە راگەیاند، كە لەلایەن پەرلەمانتار (بهاو الاعرجی) لە ناو هۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەران دراون.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، "ئەوەی لەلایەن ئەو پەرلەمانتارەوە گوتراوە تەنیا جیاوازییەكی بیروبۆچوون نییە، بەڵكو گوتارێكی ژەهراوی و بێڕێزییەكی ئاشكرایە بە بنەما دەستوورییەكان، هەروەها هەوڵێكی بێهودەیە بۆ بچووككردنەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە سەروەرییەكانی، و ناساندنی سەركردەكانی بە سیفەتی كارگێڕی، كە بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ پێگە دەستوورییەكەیان ناگونجێت."
فراكسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەم تێڕوانینە، پێشێلكردنی روونی ماددە دەستوورییەكانی (112، 114، 115، 116، 117، 121)ە، كە پێوەندییەكانی نێوان ناوەند و هەرێمیان لەسەر بنەمای هاوبەشییەكی هاوسەنگ رێكخستووە، نەك بنەمای پاشكۆیەتی.
بۆ رای گشتی، فراكسیۆنی پارتی ئەم خاڵانەی خوارەوە دووپات دەكاتەوە.
1-شەرعییەتی دەستووری (ماددەی 117)، دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان (یاسادانان، جێبەجێكردن، دادوەری) دەسەڵاتی هەرێمێكی فیدراڵین كە دەستوور بە ڕوونی چەسپاندوویەتی، سەرۆكوەزیرانی هەرێم و وەزیرەكان ئەركەكانیان بەپێی متمانە و راسپاردەیەكی دەستووریی تەواو لە گەلەكەیانەوە ئەنجام دەدەن، ئەوان "فەرمانبەر" نین تا بكەونە ژێر هەوا و ئارەزووی سیاسییە گۆڕاوەكان.
2-سەروەریی و باڵادەستیی یاسا (ماددەی 115)، دەستوور پێشینەیی داوە بە یاسای هەرێم لە كاتی هەبوونی ناكۆكی لە پسپۆڕییە هاوبەشەكاندا، بۆیە بەكارهێنانی زمانی "فەرمان و ئینزار" زمانێكی دەرچووە لە یاسا و دەستوور و تەنیا نیشانەی عەقڵییەتێكی ناوەندگەرێتیی كۆن و بەسەرچووە.
3-سەركۆنەكردنی بێدەنگیی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، ئێمە بە توندی سەركۆنەی بێدەنگی و كەمتەرخەمیی دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران دەكەین لە ئاست ئەم دەستدرێژییە ئاشكرایە، ئەمە كەمتەرخەمییەكی روونە لە بەجێگەیاندنی ئەركە دەستوورییەكانیان بۆ پاراستنی شكۆی دامەزراوەی یاسادانان و پاراستنی دەقەكانی دەستوور لە موزایەدەی سیاسی.
لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا، فراكسیۆنەكە هۆشداری دەدات و جەخت دەكاتەوە كە "بەردەوامبوون لەم جۆرە گوتارە دوژمنكارانەیە تەنیا خزمەت بە نەیارانی عێراق دەكات و هەوڵێكی ئاشكرایە بۆ تێكدانی ئەو پەیمانە كۆمەڵایەتییەی كە هەموومان كۆدەكاتەوە، پێویستە ئەو جۆرە كەسانە تێبگەن كە سەردەمی (ناوەندگەرێتیی چەوسێنەر) بەبێ گەڕانەوە كۆتایی هاتووە، و دەستوور تاكە دادوەر و یەكلاكەرەوەیە. هەركەسێكیش ناتوانێت دەستوور بخوێنێتەوە و لێی تێبگات، باشترە واز لە سیاسەت بهێنێت پێش ئەوەی وڵات پەلكێشی قەیرانێك بكات كە دەرەنجامەكەی باش نابێت."