بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر رای گەیاند، بەهۆی بارینی بارانەوە ئاو لێڵ بووە، دانیشتووانی هەولێر ئاگەدار دەکەنەوە کە ئەگەر هەیە بە شێوەی كاتی ئاوی ماڵان ببڕێت.
لە ئاگادارییەكی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر هاتووە، ئاگەداری هاووڵاتییانی شاری هەولێر دەكەینەوە كە لەسەر داواكاری و پێشنیاری پێشووتری ئێوە، بۆ ئەوەی پێشوەختە ئاگاداری هەر ئەگەرێكی بڕانی ئاو و وەستانی وێستگەكانی پاڵاوتنی ئاو بن و ئامادەكاری بكەن.
بەرێوەبەرایەتییەكە دەڵێت: سەرەڕای ئەوەی ئێستە وێستگەكانی بەرهەمهێنانی ئاو بە تەواوی توانایانەوە كار دەكەن، بەڵام بەهۆی بارانبارینی زۆر و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووبارەكان، پێشبینی دەكرێت لە ماوەی داهاتوو رادەی لێڵی (Turbidity) ئاوی رووبار بە شێوەیەكی بەرچاو زیاد بكات.
گوتیشی، ئەگەر رادەی لێڵییەكە گەیشتە سەرووی توانای وێستگەكانی پاڵاوتن، ئەوا ناچار دەبین بۆ پاراستنی كوالێتی ئەو ئاوەی دابین دەكرێت بۆ هاوڵاتیان وێستگەكان بە شێوەیەكی كاتی رابگرین.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر داواشی لە هاوڵاتیان كردووە، هاوكاریان بن و لە ئێستەوە دەست بە بەكارهێنانی ئاوەوە بگرن و زیادەڕۆیی لە سەرفكردنیدا نەكەن، بۆ ئەوەی لە كاتی راوەستانی وێستگەكاندا تووشی گرفتی كەمئاوی نەبن.