"هێرشەكانی ئێران بۆسەرمان تەنیا بیانوویەكن بۆ دووبارەكردنەوەی توندوتیژی و درووستكردنی ترس و تۆقاندن"

:: PM:06:20:21/03/2026 ‌
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ڕای گەیاند، ڕژێمی ئێران، دەیانجار سەروەریی سیاسی و نیشتمانیی عێراق و پێوەرە نێودەوڵەتییەكانی بە شێوەیەكی زەق پێشێل كردووە، داواش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەن كە بە بەكارهێنانی هەموو ئامرازەكانی كاریگەریی خۆیان، فشارەكان بۆ سەر ڕێژێم  زیاد بكەن بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەم هێرشانە.

زنجیرە هێرشەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر كەمپی پەنابەران و پارتە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەردەوامی هەیە، هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش لەو بارەیەوە ڕاگەیەنراوێكیان بڵاوكردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەكەی هاوپەیمانیی پارتە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران، بەم شێوەیە:

ئاگادارییەكی بە پەلە و بانگەوازی هاوپەیمانیی پارتە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران

هێرشە تێرۆریستییەكانی ڕێژێمی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر پەنابەران و حزبە سیاسییەكان لە هەرێمی كوردستان مەحكووم دەكەین

ڕوو لەسكرتێری گشتی و شوڕای ئەمنییەتی نەتەوە یەكگرتووەكان، وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و وڵاتانی هاوپەیمان، حكوومەتی ناوەندیی عێراق و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ.

لە ماوەی 21 ڕۆژی ڕابردوودا، ڕێژێمی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە درێژەی تاوانە سیستماتیكەكانی خۆیدا، دەیان جار سەروەریی سیاسی و نیشتمانیی عێراق و پێوەرە نێودەوڵەتییەكانی بە شێوەیەكی زەق پێشێل كردووە. ئەم ڕێژیمە بە زنجیرە هێرشی بەردەوام و دڕندانەی مووشەكی و درۆنی، كەمپی پەنابەران و بنكەكانی حزبە سیاسییەكانی كوردستانی ئێرانی بە بەردەوامی كردووەتە ئامانج.

 ئەم دەستدرێژی و سنووربەزاندنانە لە كاتێكدا دەكرێن كە حزبە سیاسییە كوردەكانی ئێران ساڵانێكە چالاكییەكانی خۆیان لەسەر خەباتی سیاسی چڕ كردووەتەوە و هیچ جۆرە هەڕەشەیەكی سەربازیی بۆ سەر ناوچەكە نەبوون و نین. بۆیە ئەم هێرشانە، تەنیا بیانوویەكن بۆ دووبارەكردنەوەی سووڕی توندوتیژی و درووستكردنی ترس و تۆقاندن.

ئەم كردەوە دەستدرێژكارانەیە، ژیانی سەدان كەسی سڤیل لەوانە ژمارەیەكی زۆر منداڵی ڕووبەڕووی مەترسییەكی رژد كردووەتەوە و بووەتە هۆی ئاوارەبوونەوەی دووبارەی خێزانە مەدەنییەكان لە بارودۆخێكی سەختی مرۆییدا. ئێمە داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەت ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەكان دەكەین:

1-بە بەكارهێنانی هەموو ئامرازەكانی كاریگەریی خۆیان، فشارەكان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران زیاد بكەن بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەم هێرشانە.

2- بۆ پاراستنی ژیانی خەڵكی سڤیل لە بەرامبەر هێرشە درۆنییەكاندا، ناوچەكانی نیشتەجێبوونی پەنابەران بە سیستمەكانی بەرگریی ئاسمانی تەیار بكرێن.

3- تیمێكی لێكۆڵینەوەی سەربەخۆ بۆ لێكۆڵینەوە لە ڕەهەندەكانی ئەم تاوانانە بەڕێی ناوچەكە بكرێت.

هەروەها داوا لە حكوومەتی عێراق وەك وڵاتی میواندار دەكەین كە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان بەرپرسیارییەتی خۆی هەڵبگرێت. حكوومەتی عێراق دەبێ لە بەیاننامە ڕواڵەتییەكان زیاتر هەنگاو بنێت و ئەمنییەتی گیانی پەنابەران و چالاكانی سیاسی گەرەنتی بكات و بە شێلگیرییەوە لە هەمبەر پێشێلكردنی سەروەرییەكەی لەلایەن ئێرانەوە بوەستێتەوە.

كاتی هەنگاونان هەر ئێستایە. بێدەنگی لە بەرانبەر ئەم تاوانانە، گڵۆپی سەوزە بۆ بەردەوامیی تیرۆریزمی دەوڵەتی.”




وشە - سۆران عەزیز