ئامەد... لە ئاهەنگى نەورۆزدا ئۆجەلان و نێچیرڤان بارزانی پەیامیان دەبێت

:: PM:06:46:21/03/2026 ‌
ئەمڕۆ لە ئامەد، بناری قەندیل و قامیشلۆ و چەندان شاری باكوری كوردستان ئاهەنگی گەورە بەبۆنەی جەژنی نەورۆز ساز دەكرێت، بارودۆخی سیاسی و تەناهیش وای كردووە و لە كەشێكی ئارامدا ئاهەنگەكان بكرێن.

ساڵانە لە باكوری كوردستان بەتایبەت لە شارى ئامەد لە ئاهەنگی ملیۆنی بۆ نەورۆز بەرێوە دەچێت، ئەمساڵ لە كەشێكی سیاسی و تەناهیی ئارامدا ئاهەنگەكە ساز دەکرێت، پەیامی عەبدوڵا ئۆجەلان دەخوێنرێتەوە، لەیلا زانا و بەرپرسانی دەم پارتی گوتاریان دەبێت و پەیامی حزب و لایەنە سیاسییەكانیش دەخوێنرێتەوە، هەروەها دڵشاد شەهاب نوێنەری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشدارە و گوتاری نێچیرڤان بارزانی دەخوێنیَتەوە.

ئەمڕۆ گەورەترین ئاهەنگی جەژنی نەورۆز لە ئامەدی باكوری كوردستان ساز دەکرێت، لە دەستپێكی رێوڕەسمەكە هەزاران كەس روویان لە (گۆڕەپانی نەورۆز) كردووە، هاونیشتمانییان جلوبەرگی كوردییان پۆشیوە و بە دڵخۆشی و جۆش و خرۆشەوە ئاهەنگ دەگێڕن و ئاڵای كوردستان لە ناوەڕاستی گۆڕەپانەكە دەشەكێتەوە.

ئارام حسێن هاوسەرۆكی ئەنجوومەنی گەلی بناری قەندیل ڕای گەیاند، ئێمە ئێستە لە ئاشتیداین و داوای بەشداریی بەرفراوانی هاونیشتمانییان لە ئاهەنگەكە كراوە هەموو ئامادەكارییەكان تەواوبوون.

بڕیارە لە قامیشلۆ لەناو یاریگای قامیشلۆ و لە عامودا، ئاهەنگی جەماوەریی بەرفراوان بۆ نەورۆز سازبكرێت.

هەرچی باشووری كوردستانە دوێنێ سەرۆك بارزانی وەك سیمبوولی نەتەوەیی کە هەمیشە بە دەنگ بۆنە نەتەوەییەكانەوەیە، لەسەر قەڵای هەولێر یادەكەی بەرز راگرت و ئاگری نەورۆزی كردەوە.


وشە - سۆران عەزیز