وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌: سه‌ركۆنه‌ی هێرشكردنه‌ سه‌ر باره‌گه‌یه‌كی پێشمه‌رگه‌ له‌ چه‌مچه‌ماڵ ده‌كه‌ین

:: PM:08:50:22/03/2026 ‌
ئەمڕۆ یەكشەم وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و بە توندی سەركۆنەی هێرشكردنە سەر بارەگایەكی پێشمەرگەی لە چەمچەماڵ لە شەوی ڕابردوو لەلایەن گرووپە لە یاسادەرچووەكان كرد. داوای دانانی سنوورێكیش لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق بۆ ئەو گرووپە تیرۆریستییانە دەكات.

وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە، شەوی ڕابردوو جارێكی تر تاقمە تیرۆریستییە لە یاسادەرچووەكان دەستیان دایەوە كردەوەیەكی تێكدەرانە، لە ڕێگەی درۆنێكی بۆمبڕێژكراوەوە هێرشیان كردە سەر بارەگایەكی هێزەكانی پێشمەرگە لە سنووری چەمچەماڵ.

ئاماژەی داوە، وەزارەتی پێشمەرگە بە توندی سەركۆنەی ئەو پەلامارە دەكات كە ئامانج لێی تێكدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكەیە.

لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشە تیرۆریستییانە بۆ سەر بارەگاكانی پێشمەرگە لە كاتێكدایە، دۆخی ناوچەكە بە گشتی لە بەردەم قۆناغێكی هەستیار و ئاڵۆزدایە، بۆیە جارێكی تر داوا لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق دەكەین، سنوورێك بۆ ئەو دەستدرێژییە بێپاساوانە دابنێت كە دەكرێنە سەر بارەگاكانی پێشمەرگە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د