وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا بۆ نێچیرڤان بارزانی: پشتیوانتانین

:: PM:02:27:23/03/2026 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێوەندییەكی تەلەفۆنیی لە تۆم بێریندسن وەزیری دەرەوەی هۆڵەنداوە پێگەیشت.

نێچیرڤان بارزانی پیرۆزباییی دەستبەكاربوونی لە بێریندسن كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست، هەروەها سوپاس و پێزانینی بۆ یارمەتی و هاوكارییە بەردەوامەكانی هۆڵەندا بۆ هەرێمی كوردستان لە هەموو كاتەكاندا، دووپات كردەوە.

هەردوولا لەربارەی دوایین پێشهاتەكانی شەڕ و بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچەكە، بیروڕایان گۆڕییەوە و بەتایبەتی تیشكیان خستە سەر لێكەوتە مەترسیدارەكانی شەڕ لەسەر ئارامی و سەقامگیری و دۆخی ئابووری لە ناوچەكە و جیهان. لەمبارەیەوە هاوڕا بوون كە پێویستە هەموو هەوڵێك بدرێت بۆ ڕاگرتنی شەڕ و چارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشە و ناكۆكییەكان.

وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا نیگەرانیی وڵاتەكەی و یەكێتیی ئەورووپای لە ئەگەری فراوانبوونی زیاتری شەڕ و ململانێكان و لێكەوتەكانی دەربڕی، هەروەها دووپاتی لە پشتگیریی وڵاتەكەی بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی كوردستان كردەوە.

كاریگەریی شەڕ لەسەر هەرێمی كوردستان، پێوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا، گرنگیی دوورخستنەوەی عێراق و هەرێمی كوردستان لە شەڕ و پێوەندی و هاریكاریی هاوبەشیان لەگەڵ هۆڵەندا، تەوەرێكی تری پێوەندییە تەلەفۆنییەكە بوو.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم