ئەمڕۆ سێشەم 24ی ئاداری 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، چەند بڕیار و رێنوێنییەكی توندی بۆ گشت ئەفسەر و پێشمەرگەکان بڵاو کردەوە و هۆشداریی دا لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی سەربازی.
لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتی کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بێنە ناو بارەگا و شوێنە سەربازییەکان، داواشی لە کەناڵ و میدیاکان کرد خۆیان بەدوور بگرن لە گرتنی وێنە و ڤیدیۆی بارەگاکان. هەروەها لێدوان و پێدانی زانیاری بە ڕاگەیاندنەکان لەلایەن فەرماندە، ئەفسەران و پێشمەرگەوە، یان بڵاوکردنەوەی وێنە، ڤیدیۆ و زانیاریی تایبەت بە سەنگەر و بارەگاکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغە کراوە.
لەبارەى پاراستنی ئاسایشی زانیاری، بەڕێوەبەرایەتییەکە داوای کردووە هەر پەیج و ئەکاونتێک دەبینرێت کە بە ناوی پێشمەرگەوە زانیاریی سەربازی بڵاو دەکاتەوە، لینکی پەیجەکەیان بۆ بنێرن تا لە ڕێگەی لایەنە پێوەندیدارەکانەوە ڕێکاری یاساییان بەرانبەر بگیرێتەبەر. هۆشداریشی داوە کە هەر ئەفسەر و پێشمەرگەیەک پێشێلی ڕێنوێنییەكاییەکان بکات، ڕووبەڕووی توندترین سزای سەربازی و کارگێڕی دەبێتەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە کە پێویستە ئەفسەرانی ڕاگەیاندن و هۆشیاری لە ناو یەکە سەربازییەکان، ئۆپەراسیۆنەکان و هەواڵگری، چاودێریی وردی تەواوی جووڵەکانی ئەفسەر و پێشمەرگە بکەن. هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندنیش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرووی خۆیان، چاودێریی وردی سۆشیال میدیا دەکەن بۆ گرتنەبەری ڕێکاری سەربازی و یاسایی بەرانبەر هەر سەرپێچییەک.
دەقی راگەیەنراوەكە:
بۆ گشت ئەفسەر و پێشمەرگەکان
1. دووپات دەکەینەوە، کە بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە راگەیاندنەکان بێنە ناو بارەگا و شوێنە سەربازییەكانتان، بۆ ئەم مەبەستە داوا لە كەناڵ و میدیاكان دەكەین خۆیان بەدوور بگرن لە گرتنی وێنە و ڤیدیۆی بارەگا سەربازییەكان.
2. لێدوان و پێدانی زانیاری بە ڕاگەیاندنەکان لە لایەن فەرماندە و ئەفسەران و پێشمەرگەوە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
3. بە هەموو شێوەیەک بڵاوکردنەوەی وێنە، ڤیدیۆ و زانیاریی تایبەت بە سەنگەر و بارەگاکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پۆستکردنیان قەدەغەیە.
4. بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی زانیاری، تکایە هەر پەیج و ئەکاونتێک دەبینن کە بە ناوی پێشمەرگەوە زانیاریی سەربازی بڵاو دەکاتەوە، لینکی پەیجەکەمان بۆ بنێرن تاوەکو لە ڕێگەی لایەنە پێوەندیدارەکانەوە ڕێکاری یاساییان بەرانبەر بگیرێتە بەر.
5. هەر ئەفسەر و پێشمەرگەیەک پێشێلی ڕێنوێنییەکان بکات، ڕووبەڕووی توندترین سزای سەربازی و کارگێڕی دەبێتەوە و لەمبارەیەوە چاودێری وردی سۆشیال میدیا دەکرێت.
6. پێویستە ئەفسەرانی راگەیاندن و هۆشیاری لە یەكە سەربازییەكان، ئۆپەراسیۆنەکان و هەواڵگری، چاودێری وردی تەواوی جموجۆڵەکانی پێشمەرگە و ئەفسەران بکەن و هەروەها ئەو ڕێنوێنییانە پەخش بکەن.
7. ئێمەش لە بەرێوەبەڕایەتیی گشتیی راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانی، چاودێریی وردی سۆشیال میدیا دەكەین بۆ هەر سەرپێچییەك لەم خاڵانە و وەرگرتنی رێكاری سەربازی و یاسایی بە هاوئاهەنگى لەگەڵ سەرووی خۆمان.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانی
وەزارەتی پێشمەرگە
24ی ئاداری 2026