ئەمڕۆ سێشەم 24ی ئاداری 2026، بەڕێوەبەرایەتیی بەنداوی دهۆک هۆشدارییەکی پەلەی ئاراستەی هاووڵاتییان کرد و داوای کرد لە ڕێڕەوی ئاوی بەنداوەکە دوور بکەونەوە، ئەوەش بەهۆی نزیکبوونەوەی بەنداوەکە لە سەرڕێژبوون لە ئەنجامی ئەو شەپۆلە بارانبارینە بەهێزەی چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ناوچەکە بگرێتەوە.
لە ڕاگەیەنراوێکدا، بەڕێوەبەرایەتیی بەنداوی دهۆک ئاگاداری سەرجەم هاووڵاتییان، خاوەن کافێ، چێشتخانە، هۆتێل، مۆتێل، گەراجەکانی وەستانی ئۆتۆمبێل، جووتیاران و هەر شوێنێکی تر دەکاتەوە کە دەکەونە دەوروبەری ڕێڕەوی ڕووباری بەنداوی دهۆک. داوایان لێ دەکات هەر لە سەرەتای ڕێڕەوەکە لە گەلی دهۆک تا کۆتاییەکەی کە دەگاتە سەر ڕووباری هیشکەڕوو لەلای گەڕەکی کانی خیشمان، لە ناوچەکە دوور بکەونەوە و کەلوپەلەکانیان هەڵبگرن، ئەوەش لە پێناو پاراستنی گیان و سامانیان.
ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە کە پێشتر فەرهاد محەمەد تاهیر بەڕێوەبەری بەنداوی دهۆک ئاشکرای کردبوو، بەنداوەکە زۆر لە پڕبوون نزیک بووەتەوە و تەنیا سێ مەتر و 20 سانتیمەتری پێویستە بۆ ئەوەی بەتەواوی پڕ ببێت. بەڕێوەبەری بەنداوەکە ڕوونی کردەوە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 16 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گەیشتووەتە بەنداوەکە و ئاستی ئاوەکەی حەوت مەتر و 20 سانتیمەتر بەرز بووەتەوە.
بەپێی داتاکان، لە شەپۆلی پێشوودا نزیکەی 595 ملیمەتر باران لە ناوچەی بەنداوەکە باریوە. پێشبینیش دەکرێت بەهۆی بەردەوامیی بارانبارین لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، بەتایبەتی ڕۆژی پێنجشەم، حەوت بۆ هەشت ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تر بگاتە بەنداوەکە و بەوەش بگاتە توانای گشتیی سروشتیی خۆی کە 52 ملیۆن مەتر سێجایە و بەتەواوی سەرڕێژ بکات.