هیوا شەمسی: هۆكاری هێرشەكانی سەر كوردستان ئەوەیە ناتوانن قبووڵی پێشكەوتن و ئارامییەكەی بكەن

:: PM:08:56:24/03/2026 ‌

بەرانبەر بەو هێرشانەی بە پاساو و بێ پاساو دەكرێتە سەر هەرێمی كوردستان، شارەزایانی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان ئاماژە دەكەن كە گرووپە لەیاسا دەرچووەكان ناتوانن پێشكەوتنی هەرێم ببینن، بۆیە هێرشەكانیان بۆ سەر كوردستان درێژە پێ دەدەن، لەوكاتەی دەوڵەتانی دنیا پشتیوانیی كوردستانن و ئەوان و پشتیوانەكانیان دۆڕاون.

د. هیوا شەمسی بورهان مامۆستای زانكۆ و چاودێری سیاسی لە پاریس، بە "وشە"ی راگەیاند، هۆكاری هێرشی گرووپە تیرۆرستییەكان بۆ سەر كوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ناتوانن قبووڵی پێشكەوتن و ئارامیی كوردستان بكەن، چونكە كوردستان لە هەموو سیكتەرەكانی ژیان لە عێراق پێشكەوتووترە، هاووڵاتییانی عەرەب كاتێك بۆ گەشت دێنە كوردستان، ددان بەوەدا دەنێن كە ژیان لە كوردستان و پارێزگاكانی عێراق زۆر جیاوازە.

زیاتر دەڵێت، عێراق دەوڵەتێكی فیدرالییە، باشە چۆن دەبێت لە بەشێكی تری وڵاتەكەوە هێرش بكرێتە سەر خاكی بەشەكەی تری، لە هیچ دەوڵەتێكی تری فیدرالی شتی وا نییە و نابێت، بۆ نموونە ئەڵمانیا و ئیسپانیا و هیندستان هەر لە قوتابخانە منداڵان فێری سیستمی فیدرالییەت دەكەن.

بورهان ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە سەرۆك بارزانی زۆر حەكیمانە لە سەرەتای جەنگەوە تا ئێستە بڕیاریان داوە، كوردستانیان لە ئاگری شەڕ پاراست و بێلایەنیی كوردستانیان لە جەنگ راگەیاند، كەچی گرووپە تیرۆرست و نابەرپرسەكانی حەشدی شەعبی، نایانەوێت لە هەڵوێستەكان تێ بگەن كە شەڕەكە شەڕی ئێران و ئەمەریكا و ئیسرائیلە و هیچ پێوەندیی بە باشووری كوردستانەوە نییە.

ئەو چاودێرە سیاسییە دووپاتی كردەوە، لە ساڵی 2007 بۆ ساڵی 2025 پێنچ جار هاتوومەتەوە، كوردستان ساڵ بۆ ساڵ لە گۆڕانكاری و گەشەی خێرادایە، لە ژیان و كلتوور و ئاسوودەی و سیكتەرەكانی خزمەتگوزاری، پێوەندییە دیبلۆماسییەكانی كوردستان لە ئاستی ناوچەكە و نێودەوڵەتی زۆر لەپێشەوەیە، حكوومەتی هەرێم پێگەیەكی گەورە و رێزلێگیراوی هەیە لە لایەن دەوڵەتانی عەرەبی و ئەمەریكا و فڕەنسا و ئەوروپا بە گشتی، دەبینرێت كە هەموو سەرۆك و سەركردەكانی دنیا پێوەندی بە سەرۆك و سەرۆكی حكوومەتی هەرێمەوە دەكەن و پاڵپشتی خۆیان بۆ كوردستان دووپات دەكەنەوە.

هەڵەبجە/ عەزیز هەورامی





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل