سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی هۆشدارییەكی بەپەلەی بۆ خەڵكی شارەكە بڵاو كردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە لەكاتی بوونی حاڵەتی نەخوازراو بەهۆی باران و لافاوەوە پێوەندی بە ژمارە 100 بكەن.
شارەوانی سلێمانی دەڵێ، بەپێی پێشبینییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی كەشوهەواو و بومەلەرزەزانی هەرێم شەپۆلێكی چڕی باران هەرێمی كوردستان بە گشتیی و پارێزگای سلێمانی بە تایبەت دەگرێتەوە، بۆیە داواكارین لە هاووڵاتییان لە ئەگەری ڕوودانی دۆخی نەخوازراودا پێوەندی بە سەنتەری فریاگوزاریی خێراوە بكەن بە ژمارە 100 بەمەبەستی ئاگەداركردنەوەی تیمی فریاگوزاریی و ئێشكگری شارەوانیی تا لە كەمترین ماوەدا بەهانایانەوە بچین و گرفتەكانیان بۆ چارەسەر بكەین.
" نزا دەكەین هەر دڵۆپێكی باران سوود و بەخشندەیی لەگەڵ خۆیدا بهێنێت و هیچ دۆخێكی نەخوازراوی لێنەكەوێتەوە تا هەموو هاووڵاتییانی سلێمانی پارێزراوبن" سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی وای نووسیوە.
ئەوە لەكاتێكدایە كە پێشبینی دەكرێت دوو ڕۆژی داهاتوو شەپۆلێكی چڕی باران و هەورەبرووسكە شارەكانی هەرێمی كوردستان بگرێتەوە.