ئەوەی لای "وشە"یە جیاوازە.. خوێندن چی لێ‌ دێت و پشووی شەمووان نامێنێ‌؟

:: PM:05:45:25/03/2026 ‌
لەبارەی دەست پێ كردنەوەی پڕۆسەی خوێندن لە هەرێمی كوردستان كە بەهۆی پشووەكانی بەهارە و شەڕی نێوان ئەمەریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران وەستابوو، بڕیارە رۆژی شەمووی داهاتوو هەردوو وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بڕیاری هاوبەش بدەن.

تا ئێرە هەواڵێكی ئاشكرایە، بەڵام زانیاریی نوێ‌ لەبارەی دەست پێ كردنەوەی دەوام و بژارەكانی بەردەم هەردوو وەزارەت، گەیشتووەتە "وشە". 

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" بژارەكان بۆ ئەو ماوەی خوێندن كە ماوە لە كوردستان جۆراوجۆرن، یەكێك لە بژارەكان ئەوەیە پشووی خوێندنگاكەكان بۆ ماوەی هەفتەیەك درێژ بكرێتەوە كە ئەوە بژارەیەكی لاوازە، تەنیا چاوەڕوانی كاردانەوەكانی شەڕ دەكرێت لەو چەند ڕۆژەی داهاتوودا. 

بژارەیەكی تر ئەوەیە كە خوێندن لە خوێندنگە حكوومییەكاندا بكرێت بە ئۆنلاین و ئەو قوتابخانانەی كە نەبەستراونەتەوە بە سیستمی پەروەردەی كوردستان دەوام بكەن و ئەوانی تر بە ئۆنلاین بخوێنن، بەڵام بەگوێرەی لێدوانی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی ئەزموونی ئۆنلاین لە كوردستان سەركەوتوو نەبووە.

ئێستە بژارەیەكی تر دروست بووە ئەویش هەردوو وەزارەتەكە بڕیار بدەن كە ئەو ماوەی ماوە بۆ خوێندن لە وەرزی دووەمدا بەخێرایی تەواو بكرێن، بە جۆرێك پشووی رۆژی شەموو هەڵبگیرێت بۆ قوتابخانەكان، بەڵام رۆژانە كات كەم بكرێتەوە تا وەرزەكە كۆتایی دێت بەتایبەت لەكاتی تاقیكردنەوەكاندا، پێدەچێ‌ ئەوە بژارەیەكی بەهێز بێت، بەڵام لەو حاڵەتەدا دەمێنێتەوە سەر تاقیكردنەوەی قوتابییانی پۆلی 12ی ئامادەیی كە دەبێت دواتر بڕیار لەبارەیانەوە بدرێت. 

مامۆستا یوسف عەلی شارەزاییەكی پەروەردەییە بۆ "وشە" گوتی، هەردوو وەزارەتەكە دەتوانن بڕیاری گرنگ لەبارەی پڕۆسەی خوێندن بدەن، بەڵام بەهیچ جۆرێك ئەو دۆخەی كە ئێستە هەیە نابێتە هۆی فەوتانی خوێندن لە كوردستان. 

هەروەها پێشنیاری كرد كە هەردوو وەزارەتەكە بەهیچ جۆرێك بیر لە خوێندن بە ئۆنلاین نەكەنەوە، بەڵكو دەتوانن دەوام دەست پێ‌ بكەنەوە، ئەگەر دۆخێكی نەخوازراو هاتە پێشەوە پشوو بكەوێتە نێوان رۆژەكانی خوێندن. 

جێی ئاماژەیە كە ئێستە تەنیا 20 بۆ 30 ڕۆژ خوێندن لە وەرزی دووەمدا ماوە، جیا لە تاقیكردنەوەكان، لەسەر ئەو پێوەرەیش پێدەچێ‌ هەردوو وەزارەت بیر لە تەواوكردنی پڕۆگرامى خوێندنی ئەمساڵ بكەنەوە.


وشە - وشه‌