مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە سۆران ئامادەی ڕێورەسمی پرسەی شەش پێشمەرگە بوو كە لە هێرشی مووشەكیی ئێراندا شەهید بوون.
سەرۆكی حكوومەت دوای بەشدارییكردنی لە پرسەكەدا، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا، وێڕای سەرەخۆشیكردن لە بنەماڵە و كەسوكاری شەهیدان و خەڵكی كوردستان، دووپاتی لە درێژەدان بە ڕێبازی شەهیدان كردەوە.
لەمبارەیەوە سەرۆكی حكوومەت ڕای گەیاند، بە خەمێكی قووڵەوە سەرەخۆشی لە سەرۆك و كەسوكار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و لە خۆمان دەكەین بۆ لەدەستدانی ئەو شەش شەهیدە قارەمانە. هیوای زوو چاكبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازین.
سەرۆكی حكوومەت دووپاتی كردەوە، ئەمانە شەهیدی غەدر و خیانەتن و بەبێ هۆكار ئەم هێرشەی سەر پێشمەرگە ئەنجامدرا. هەروەها گوتی، بەهۆی خوێنی ئەو شەهیدانە ئێمە بە سەربەرزی لە وڵاتەكەماندا دەژین و كوردستانەكەشمان بەهۆی خوێنی شەهیدانمان بە بەهایە، هەر وەك چۆن هیچ كاتێك خوێنی شەهیدان بەفیڕۆ نەچووە، ئەمجارەش هەر وا دەبێت.
مەسروور بارزانی دووپاتی كردەوە كە ئێمە نامانەوێت تێكەڵی هیچ شەڕێك ببین و دەمانەوێت كوردستان پارێزراو بێت و بۆ ئەمەش هەر شتێك پێویست بێت بۆ پاراستنی كوردستان و بەرگریكردن لە كەرامەت و ماف و خاك و وڵاتی خۆمان دەیكەین و لەسەر ئەم ڕێگەیە، ڕێگەی شەهیدەكانمان و ڕێگەی سەرۆك بارزانی بەردەوام دەبین.