ئەڵمانیا و بەریتانیا: هاوخەمی خەڵكی كوردستانین

:: PM:07:14:25/03/2026 ‌
هەردوو وڵاتی بەریتانیا و ئەڵمانیا هاوخەمیی خۆیان بۆ خەڵكی كوردستان دەردەبڕن لە بەرانبەر ئەو هێرشە مووشەكییەی ئێران بۆسەر هێزی پێشمەرگە، كە بەهۆیەوە شەش پێشمەرگە شەهید بوون. 

وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، لە دوو نامەی جیاوازدا، هەردوو حكوومەتی ئەڵمانیا و شانشینی یەكگرتووی بەریتانیا، هاوخەمی و سەرەخۆشی قووڵی خۆیان ئاراستەی وەزارەتی پێشمەرگە كرد، بەبۆنەی شەهیدبوونی شەش پێشمەرگەی قارەمان.

لە نامەكانیاندا، هەردوو وڵات وێڕای دەربڕینی خەمبارییان ڕێزیان لە قوربانیدانی هێزەكانی پێشمەرگە گرت و خۆیان بە هاوبەشی خەمی گەلی كوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە زانی.

جێی ئاماژەیە، بەرەبەیانی دوێنێ 24ی ئادار، بە شەش مووشەك لەلایەن ئێرانەوە هێرش كرایە سەر بارەگایەكی هێزەكانی دەڤەری یەك لە سنووری سۆران- سپیلك، بەهۆیەوە شەش پێشمەرگە شەهید بوون و ژمارەیەكی تریش بریندار بوون، هەر دوای ئەوە؛ مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان رای گەیاند، ئەوە غەدر و خیانەتە بەرانبەر بە كوردستان دەكرێت.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم