كونسوڵی گشتیی فڕەنسا لە هەرێمی كوردستان، هێرشە مووشەكییەكەی ئێران بۆ سەر هێزەكانی پێشمەرگە لە سپیلك سەركۆنە دەكات.
یان برێم؛ كۆنسوڵی گشتیی فڕەنسا لە هەرێمی كوردستان، لە نامەیەكدا كە ئاراستەی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی كردووە، بە توندی سەركۆنەی هێرشی مووشەكە بالیستییەكەی ئێرانی بۆ سەر فیرقەكانی پێنج و حەوتی هێزەكانی پێشمەرگە لە ناوچەی سۆران كرد.
"ئەو هێرشە بووەتە هۆی شەهیدبوونی شەش پێشمەرگە و برینداربوونی 30ـی تر، وێڕای دەربڕینی هاوسۆزی و سەرەخۆشی بۆ بنەماڵەی قوربانییەكان، هیوای چاكبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەكان دەخوازین" لە نامەكەدا وانووسراوە.
هەروەها دڵنیایی داوە كە فڕەنسا بەرانبەر ئەم كردەوە دوژمنكارانەیە لە دژی هەرێمی كوردستان و بەرپرسان هاوسۆزە و بەردەوام دەبین لە پشتیوانیكردن و هەوڵدان بۆ پاراستنی ئاشتی و دابینكردنی ئاسایش بۆ گەلی كورد.
جێی ئاماژەیە، بەرەبەیانی دوێنێ 24ی ئادار، بە شەش مووشەك لەلایەن ئێرانەوە هێرش كرایە سەر بارەگایەكی هێزەكانی دەڤەری یەك لە سنووری سۆران- سپیلك، بەهۆیەوە شەش پێشمەرگە شەهید بوون و ژمارەیەكی تریش بریندار بوون، هەر دوای ئەوە؛ مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان رای گەیاند، ئەوە غەدر و خیانەتە بەرانبەر بە كوردستان دەكرێت.