کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی 48 سەعاتی داهاتووی بڵاو کردەوە

:: AM:11:26:27/03/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی 27ی ئاداری 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ 48 سەعاتی داهاتوو بڵاو کردەوە و ئاماژەی بە بەردەوامیی شەپۆلی بارانبارین و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما دا.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی کەشناسی، بۆ ئەمڕۆ هەینی، ئاسمان بەگشتی هەوری باراناوی دەبێت، نمەباران و بارانی مامناوەند لە زۆربەی ناوچەکان دەبارێت، بەڵام لە هەندێک کاتدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان، بارانەکە بە شێوەی لێزمەباران دەبێت. هەروەها بڕێکی کەم بەفر لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی هەرێم دەبارێت. خێرایی با لە نێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتر دەبێت لە سەعاتێکدا و ئاراستەکەی باشووری ڕۆژهەڵات دەبێت، مەودای بینینیش لە نێوان شەش بۆ هەشت کیلۆمەتر دەبێت. پلەکانی گەرما بەراورد بە دوێنێ، یەک تا سێ پلە نزمتر دەبنەوە.

سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی شەموو (28ی ئادار)، کەشناسی پێشبینی دەکات کە ئاسمان هەوری تەواو بێت، نمەباران و بارانی مامناوەند بە پچڕپچڕی ببارێت، بەتایبەت لە ناوچەکانی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵات کە پێشبینی دەکرێت ڕێژەی دابارین تێیاندا زیاتر بێت بەراورد بە ناوچەکانی تر. خێرایی با کەمێک زیاد دەکات و لە نێوان 15 بۆ 25 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا دەبێت، و مەودای بینین لە نێوان حەوت بۆ نۆ کیلۆمەتر دەبێت، لە کاتێکدا پلەکانی گەرما نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ هەینی بەم شێوەیەیە: لە هەولێر 11 پلە، پیرمام هەشت پلە، سۆران 10 پلە، حاجی ئۆمەران سێ پلە، سلێمانی نۆ پلە، چەمچەماڵ 10 پلە، دهۆک 12 پلە، زاخۆ 12 پلە، هەڵەبجە 12 پلە و لە گەرمیان 15 پلەی سیلیزی دەبێت.

بۆ سبەی شەمووش پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما نزیک بن لەم ژمارانە و گۆڕانکارییەکی کەم بەخۆیانەوە ببینن، بە جۆرێک لە هەولێر دەبێتە 13 پلە، پیرمام نۆ پلە، سۆران 10 پلە، حاجی ئۆمەران سێ پلە، سلێمانی نۆ پلە، چەمچەماڵ 10 پلە، دهۆک 13 پلە، زاخۆ 14 پلە، هەڵەبجە 12 پلە و گەرمیان 15 پلەی سیلیزی.


وشە - پۆڵا مەحموود