نووسینگەی یەکێتیی ئەوروپا و کونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتانی یەکێتییەکە لە هەرێمی کوردستان، پەیامێکی هاوبەشیان بۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نارد و هاوسۆزیی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
دوێنێ پێنجشەم 26ی ئاداری 2026، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامەکەی پێ گەیشتووە، کە تێیدا هاوخەمیی قووڵیان بۆ ئەو هێرشە مووشەکییە دەربڕیوە کە بەرەبەیانی سێشەم 24ی ئاداری 2026 کرایە سەر ناوچەی سۆران و لە ئەنجامدا ژمارەیەک پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون.
نووسینگەی یەکێتیی ئەوروپا و کونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا، سەرەخۆشیی قووڵیان ئاراستەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و بنەماڵەی ئەو شەش پێشمەرگە قارەمانە کردووە کە لە هێرشەکەدا شەهید بوون، و هیوای چاکبوونەوەیان بۆ برینداران خواستووە.
لە پەیامەکەدا کە کۆپییەکیشی ئاراستەی مەسروور بارزانی سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حكوومەت کراوە، هەروەها نیگەرانیی قووڵی خۆیان نیشان داوە بەرانبەر بەو هێرشانەی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان.
لە کۆتاییی پەیامەکەدا، نوێنەرانی ئەوروپا هاوسۆزیی خۆیان و وڵاتەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردووەتەوە و بە توندیش دووپاتیان لە پشتگیریکردنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە کردووەتەوە.