ئەمڕۆ هەینی 27ی ئاداری 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، خشتەی بڕی بارانبارینی 24 سەعاتی ڕابردووی سەرجەم ناوچە و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی بڵاو کردەوە، کە لە سەعات نۆی بەیانیی دوێنێوە تا سەعات نۆی بەیانیی ئەمڕۆ تۆمار کراون.
بەپێی ئامارەکەی کەشناسی، زۆرترین بڕی بارانبارین لەسەر ئاستی گشتی لە کفری تۆمار کراوە کە 76 ملیمەترە، دوای ئەویش چەمچەماڵ دێت بە 70.3 ملیمەتر، پاشان بەرزنجە لە پارێزگای سلێمانی بە بڕی 70 ملیمەتر.
لەبارەی سەنتەری پارێزگاکانیش، هەولێری پایتەخت زۆرترین بڕی بارانی تێدا باریوە کە 53.4 ملیمەترە، دواتر سلێمانی بە 48.5 ملیمەتر، پاشان کەرکووک بە 39.2 ملیمەتر، دهۆک بە 27.3 ملیمەتر، و لە سەنتەری هەڵەبجەیش 26.5 ملیمەتر باران باریوە.
ئامارەکان دەری دەخەن کە شەپۆلەکە بە شێوەیەکی بەهێز تەواوی ناوچەکانی گرتووەتەوە. لە سنووری پارێزگای هەولێر، لە نازەنین 61 ملیمەتر و لە شەمامک 58.5 ملیمەتر باریوە. لە سنووری پارێزگای سلێمانیش، لە سەنگاو 67 ملیمەتر و لە چوارتا 61 ملیمەتر تۆمار کراوە. هەروەها لە سنووری پارێزگای دهۆک زۆرترین باران لە چەمانکێ بووە بە بڕی 59 ملیمەتر، و لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەش لە تەوێڵە 33.8 ملیمەتر تۆمار کراوە.