وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ دەستپێكردنەوەی خوێندن كۆمەڵێك رێنوێنی بڵاو دەكاتەوە و دووپاتیشی دەكاتەوە كە یەكشەمی داهاتوو دەوام لە زانكۆكان دەست پێ دەكاتەوە.
دوای ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە یەكەوە بڕیاری دەستپێكردنەوەی خوێندنیان دا، دوای وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵایش رێنوێنی خۆی لە راگەینراوێك بڵاوكردەوە كە ئەمە دەقەكەیتی:
ئاماژە بە کۆبونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی (٢٠٢٦/٣/٢٦) و هەروەها ئاماژە بە کۆبونەوەی هاوبەشی نێوان هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی پەروەردە لە ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی (٢٠٢٦/٣/٢٧) دواتر پەسەندکردنی پێشنیارەکانی هەردوو وەزارەت لەلایەن ژووری ئۆپەراسیۆنی قەیرانەکان لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم، ڕۆژی یەکشەممە (٢٠٢٦/٣/٢٩) دەوامی سەرجەم زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان (حکومی و تایبەت) دەستپێدەکاتەوە، بەڕەچاوکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە:
١. ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی (٢٠٢٦/٣/٢٨) دەرگای سەرجەم بەشەناوخۆییەکان کراوە دەبێت بۆ پێشوازی کردن لە قوتابییان و خوێندکاران.
٢. زانکۆکان دەسەڵاتییان هەیە بۆ پێداچونەوە بەڕێکخستنەوەی ساڵنامەی خوێندن ئەگەر پێویست بکات.
٣. زانکۆکان ئەولەویەت ئەدەن بە وانە کرداری و پراکتیکییەکان بەمەبەستی سوود وەرگرتن لە کات.
٤. پرۆسەی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا و خوێندنی پێداگۆجی و خوێندنی سەنتەرەکانی زمان بەپێی پلان و بەرنامەی پێشووی خۆیان بەڕێوەدەچن.
٥. قوتابییان و خوێندکارانی ماستەر و دکتۆرا ئەگەر بەهۆی ئەم ماوەی پشووی ڕابردوو کاتی فەرمی خوێندنیان تەواو بوە و نەیانتوانیوە گفتوگۆی نامەکانییان بکەن ئەوا قەرەبوی ئەو ماوەیە دەکرێنەوە.
٦. بەمەبەستی ڕەچاوکردنی دۆخی دەروونی و سەلامەتی گیانی خوێندکاران پێویستە لەسەر زانکۆکان ئاسانکاری پێویست ئەنجام بدەن بەمەرجێک کار نەکاتە سەر کواڵیتی خوێندن.
٧. وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەهەماهەنگی لەگەڵ زانکۆکان بەووردی و بەردەوام هەڵسەنگاندن و چاودێری بارودۆخەکە دەکەن، لەحاڵەتی هەر پێشهات و گۆڕانکارییەک ڕێکاری پێویست دەگیرێتەبەر.
وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی
٢٠٢٦/٣/٢٧