بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نامەیەكی پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاوە پێگەیشت.
لە نامەكەدا سەرۆك ترەمپ وێڕای ئاراستەكردنی گەرمترین پیرۆزبایی بە نێچیرڤان بارزانی، دەنووسێت، نەورۆز، ئاهەنگگێڕانە بە هاتنی بەهار، هەروەها بەرجەستەكردنی سەركەوتنی هەمیشەییی ڕووناكییە بەسەر تاریكیدا. ئەم جەژنە دێرینە، گوزارشتێكی ساڵانەی هێزی سەرەتا نوێیەكانە.
لە نامەكەیدا بۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك ترەمپ دەڵێت، داوا لە خوا دەكەم ئەم نەورۆزە ببێتە مایەی بەهێزكردنی بەهاكانی ئاشتی و شكۆی مرۆڤ و ساڵی نوێ پڕ لە خێر و خۆشی بێت.
سەرۆك ترەمپ پیرۆزبایی لە هەموو ئەوانەش دەكات كە جەژنی نەورۆز دەگێڕن، هەروەها لە كۆتاییی نامەكەیدا بە كوردی نووسیویەتی: نەورۆز پیرۆز.