ماكرۆن پێوەندی بە نێچیرڤان بارزانییەوە كرد

:: PM:07:09:28/03/2026 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێوەندییەكی تەلەفۆنیی لە ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فڕەنساوە پێگەیشت.

لە پێوەندییەكەدا، ماكرۆن بە توندی سەركۆنەی ئەو هێرشە درۆنییەی كرد كە ئەمڕۆ كرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆك، هەروەها پشتگیریی بەردەوامی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق دووپات كردەوە.

ماكرۆن سەرەخۆشیی لە نێچیرڤان بارزانی و خانەوادەی ئەو پێشمەرگانە كرد كە ڕۆژی 24ی ئەم مانگە لە هێرشە مووشەكییەكەی ئێراندا لە سۆران شەهید بوون و هیوای زوو چاكبوونەوەی بۆ برینداران خواست.

لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پێوەندیی ماكرۆن و پشتگیریی بەردەوامی فڕەنسا و هەڵوێستە نێودەوڵەتییەكانی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان كرد.

لە تەوەرێكی تری پێوەندییەكەدا، دوایین پێشهاتەكانی شەڕ و لێكەوتەكانیان تاوتوێ كران و هەردوولا دووپاتیان لە گرنگیی چڕكردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەكان بۆ كۆتاییهاتنی شەڕ كردەوە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم