ئەنجوومەنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، سەركۆنەی هێرشكردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكات.
لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەیان بەوە كردووە كە هێرش كردن و بە ئامانج گرتنی ماڵی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە شاری دهۆك، پیشهاتێكی مەترسیدارە و سەركۆنەی دەكەین.
باس لەوە كراوە كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، هەمیشە فاكتەری بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیریی بووە، بەردەوام هەوڵ و دەستپێشخەری نوواندووە بۆ ئارامیی، لەگەڵ ئەوەشدا هەرێمی كوردستان دۆستی راستەقینەی دراوسێكانی بووە.
" ئێمە لە ئەنجوومەنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، نیگەرانیی خۆمان بەو هێرشە ناڕەوایە دەردەبڕین، داوا لە حكوومەتی عێراق دەكەین بەخێرایی بكەرانی ئەو كردەوە تیرۆریستییە بگرن و سزای یاسایی وەربگرن" لە بەیاننامەكەدا وا نووسراوە.