ئەمڕۆ شەموو 28ی ئاداری 2026، پێوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، لە ڕاگەیەنراوێکدا بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییەی کرد کە کرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، دەستدرێژییە درۆنییەکەی سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق لە دهۆک، نموونەی کردەوەیەکی تیرۆریستییە لەلایەن دوژمنانی دەستدرێژیکارەوە، کە پێشینەکەی لەم ڕۆژانەی دواییدا لە تیرۆرکردنی نامەردانەی بەرپرسانی باڵای ئێرانی و گەلی مەزڵوومی ئێران لەلایەن سوپا تیرۆریستییەکانی ئەمەریکا و زایۆنییەوە بینیومانە.
لە راگەیەنراوەكەی سوپای پاسداران زیاتر هاتووە "ئەم جۆرە کردەوە تیرۆریستییانە، گوزارشت لە هەوڵە پیسەکانی دوژمنانی جەنگخواز دەکەن بۆ زیانگەیاندن بە ئاشتی، سەقامگیری و هاوئاهەنگییە هەرێمییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێ."
لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا، سوپای پاسدارانی ئێران وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەم "دەستدرێژییە تیرۆریستییە"، ئامادەییی خۆی ڕاگەیاند بۆ پاڵپشتی و بەرگریکردن لە ئاسایشی دراوسێکانی، ئەویش لە ڕێگەی بەهێزکردنی هاوئاهەنگییە تەناهییەکان و دروستکردنی قەڵغانێکی بەرگریی بەکۆمەڵ لە ناوچەکەدا لەلایەن وڵاتان و کارەکتەرە هەرێمییەکانەوە، بەرانبەر بەو "شەڕانگێزییانەی سوپای ئەمەریکا و ڕژێمی زایۆنی دەیکەن."