یەکێتیی ئەوروپا بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی دەکات

:: PM:10:33:28/03/2026 ‌
ئەمڕۆ شەموو 28ی ئاداری 2026، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ پەیامێکی لە کلیمێنس سێمتنەر باڵوێزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق پێ گەیشت.

لە پەیامەکەدا، نێردەی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق و باڵوێزخانەکانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەیان کرد کە ئەمڕۆ کرایە سەر ماڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک، هەروەها خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی کە هێرشەکە هیچ قوربانییەکی لێ نەکەوتووەتەوە.

باڵوێزی یەکێتیی ئەوروپا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم جۆرە توندوتیژییە نابەرپرسانەیە، مەترسیی پەرەسەندنی زیاتری دۆخە هەستیارەکەی عێراق و بەتایبەتی هەرێمی کوردستانی لێ دەکەوێتەوە. دووپاتیشی کردەوە کە دەبێت ئەنجامدەرانی ئەم کارە ڕادەستی دادگا بکرێن، چونکە هەر هێرشێک بۆ سەر دامەزراوە دەوڵەتییەکان و ئەو بەرپرسانەی نوێنەرایەتیی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن، یان بۆ سەر نێردە دیپلۆماسییەکان، کارێکی تاوانکارییە و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، داوا لە هەموولایەک کراوە پشتگیریی هەوڵەکان بکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە لە ناوخۆی عێراق و پشتگیریکردنی دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ناوچەکەدا.

لای خۆیەوە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پەیام و هەڵوێستی باڵوێزی یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندامی بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشەکە و پشتگیریکردنی ئارامی و سەقامگیری کرد.


وشە - پۆڵا مەحموود