وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، زیاتر لە 8.7 ملیار دینار گەڕاوەتەوە بۆ هاوبەشانی ماڵان لەسەر پسوولەكانی كارەبا، لە چوارچێوەی ئەو دەستپێشخەرییەی مانگی ڕابردوو ڕاگەیەنرا بۆ پێدانی پاڵپشتی بە ڕێژەی 20٪ لەسەر هەموو پارەدانێك كە لە ڕێگەی سەكۆی پارەدانی دیجیتاڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئی-پسوولە ئەنجام دەدرێت.
بەگوێرەی راگەیەنراوێكی وەزارەتی كارەبا، زۆرینەی هاوبەشانی ماڵان كە ئەو پاڵپشتییە دەیانگرێتەوە لەسەر پسوولەی كارەبای مانگی دوو سوودمەند بوون، بەشێكی تری هاوبەشانی ماڵان سوودمەند دەبن لەو پاڵپشتییە لەسەر پسوولەی مانگەكانی داهاتوو.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان دڵنیایی دەدات بە هەموو هاوبەشانی ماڵان لەوەی بڕی تەواوی ئەم پاڵپشتییە جێبەجێ دەكرێت.
تا ئەمڕۆ نزیكەی 4.5 ملیۆن هاووڵاتی كە زیاترە لە 70%ی هاووڵاتییانی كوردستان، كارەبای 24 سەعاتیان بۆ دابین كراوە لە ڕێگەی پڕۆژەی ڕووناكی و بەپێی نرخە نوێیەكان، 80%ی هاووڵاتییان، بەتایبەتی كەمدەرامەتان، پارەیەكی كەمتر دەدەن بە بەراورد بەو پارەیەی پێشتر دەیاندا بۆ كارەبای موەلیدە و كارەبای نیشتمانی.
مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پڕۆژەی ڕووناكی ڕاگەیاند بە مەبەستی گەیاندنی كارەبای 24 سەعاتی بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەكان تا كۆتایی ساڵی 2026. لە مانگی ئایاریشدا ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەكۆی دەنگ بڕیاری پەسندكردنی پڕۆژەكەی دەركرد.