وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، سەركردایەتیی سیاسیی كورد و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە رێگەی سەرجەم كەناڵە جیاوازەكانەوە ئەو پەیامەیان گەیاندووە، كە هێزی پێشمەرگە بەشێك نین لەم شەڕە و نابێت ببنە بەشێكیش لێی.
ئەمڕۆ یەكشەم 29ی ئادار، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە رای گەیاند، شەهیدبوونی پێشمەرگەكان هەموو تاكێكی كوردی خەمبار كردووە و ئەو پرسەیە تەنیا پرسەی چەند ماڵباتێك نییە، بەڵكو پرسەی هەموو خەڵكی كوردستانە.
"سەركردایەتیی سیاسیی كورد و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی سەرجەم كەناڵە جیاوازەكانەوە ئەو پەیامەیان گەیاندووە، كە هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە بەشێك نین لەم شەڕە و نابێت ببنە بەشێكیش لێی". وەزیری پێشمەرگە وای گوت.
هەروەك دووپاتی لەوە كردووە، ئەو گرووپانەی بەئەنقەست دەیانەوێت سەقامگیریی هەرێمی كوردستان تێكبدەن گرووپی دیارن، بۆیە پێویستە حكوومەتی عێراق رێكاری یاسایی توندیان بەرانبەر بگرێتەبەر بۆ ئەوەی رێگری لە چەندبارەبوونەوەی ئەو كارە تیرۆریستییانە بكرێت.
وەزیرى پێشمەرگە پێی وایە، دەبێت حكوومەتی عێراق وەك چۆن بەرگری لە شارەكانی تری عێراق دەكات بەو شێوەیەش بەرگری لە هەرێمی كوردستان بكات، هێزی پێشمەرگەش هەمیشە بۆ پاراستنی خاكی كوردستان ئامادەیە و ئەم دۆخە نەخوازراوە زیاتر هانی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان دەدات سوور بن لەسەر پاراستنی دەسكەوتەكانی هەرێمی كوردستان.