نەتەوە یەکگرتووەکان بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی دەکات

:: PM:09:09:29/03/2026 ‌
ئەمڕۆ یەکشەم 29ی ئاداری 2026، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە توندی سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد، و داوای کرد لێکۆڵینەوەیەکی ورد و دەستبەجێ لە ڕووداوەکە بکرێت و ئەنجامدەرانی سزا بدرێن.

ستیفان دوجاریک گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە ئەنتۆنیۆ گۆتۆرێس سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە توندترین شێوە ئەو هێرشە درۆنییەی شەرمەزار کردووە کە لە 28ی ئاداردا شوێنی نیشتەجێبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی لە پارێزگای دهۆک کردە ئامانج.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، سکرتێری گشتی داوا دەکات بە زووترین کات لێکۆڵینەوەیەکی هەمەلایەنە و بێلایەنانە لەم هێرشە بکرێت، تا ئەو لایەنانەی بەرپرسیارن لەو کارە ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی بکرێنەوە.

لە کۆتاییدا نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە هەموو لایەنە سیاسی و کاریگەرەکان کرد کە توندوتیژی بە هەموو شێوازەکانییەوە ڕەت بکەنەوە و دووپاتی کردەوە کە پێویستە هەمووان پێکەوە کار بکەن بۆ پووچەڵکردنەوەی هەر هەوڵێک کە بیەوێت سەقامگیری و ئاسایشی عێراق تێک بدات.


وشە - پۆڵا مەحموود