حكوومەتی هەرێم بڕیاری دا: پرۆسەی خوێندنی ناو پۆل ڕاگیرا و دەبێتە ئۆنلاین

:: PM:09:50:29/03/2026 ‌
ئەمڕۆ یەکشەم 29ی ئاداری 2026، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری ڕاگرتنی پرۆسەی خوێندنی بە شێوازی ئامادەبوونی ناو پۆل لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن ڕاگەیاند، و ئاشکرای کرد کە پرۆسەکە تەنیا بە شێوازی ئۆنلاین و دیجیتاڵی بەردەوام دەبێت.

لە ڕاگەیەنراوەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاریدا هاتووە، لەبەر ڕۆشناییی کۆبوونەوەی هاوبەشی وەزارەتە پێوەندیدارەکان کە ئەمڕۆ ئەنجام دراوە، حكوومەتی هەرێم بڕیاری دا لەم قۆناغەدا، پرۆسەی خوێندن بە شێوازی ئامادەبوونی ناو پۆل ڕابگیرێت.

بڕیارەکە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان بۆ هەموو قۆناغەکان دەگرێتەوە، و لەمەودوا خوێندن تەنیا بە شێوازی ئۆنلاین و دیجیتاڵی بەردەوام دەبێت.

لە کۆتاییدا ڕوون کراوەتەوە کە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاسپێردران بە وەرگرتنی ڕێکاری پێویست بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، کە تایبەتە بە بەڕێوەچوونی پرۆسەی خوێندن بە شێوازی ئۆنلاین و دیجیتاڵی.


وشە - پۆڵا مەحموود