هەریەكە لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێیان وایە، بەهێزی پێوەندییەكانیان خزمەت بە خەڵكی كوردستان دەكات و ئەوەیش بە گرنگ دەزانن.
ئەمڕۆ دووشەم 30ی ئادار، لەمیانی كۆبوونەوەیەكدا لە نێوان پشتیوان سادق بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی پارتی لە هەولێر و رێباز بێركۆتی بەرپرسی مەڵبەندی سێی یەكێتی تاوتوێی پێوەندی نێوان هەردوو حزب كراوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە، پشتیوان سادق بەناوی مەكتەبی رێكخستنی هەولێری پارتی دیموكراتی كوردستان پیرۆزبایی لە رێباز بێركۆتی كرد بەبۆنەی دەستبەكاربوونی وەك لێپرسراوی مەڵبەندی سێ هەولێر.
وەك لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، رێباز بێركۆتی لە كۆبوونەوەكەدا رای گەیاندووە، پتەوكردنی پێوەندی نێوان لایەنە سیاسییەكان بە تایبەت لە نێوان یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ زیاتر خزمەتكردن بە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بەگرنگ دەزانین.