ئەمڕۆ دووشەم 30ی ئاداری 2026، بورهانی ڕەشەی گوڵە سەرۆکی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "وشە" سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە باس لە ئازادکردنی لاهووری شێخ جەنگی و گەیاندنی بۆ ئەمەریکا دەکەن.
بورهانی ڕەشەی گوڵە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن گوایە لاهوور شێخ جەنگی ئازاد کراوە و گەیەنراوەتە ئەمەریکا، ڕاست نین و بەتەواوی دوورن لە ڕاستییەوە.
سەرۆکی تیمی پارێزەران دووپاتی کردەوە کە لاهوور شێخ جەنگی هێشتا لە ناو زیندانی ئاسایشی سلێمانییە و هیچ گۆڕانکارییەک لە دۆسیەکەیدا ڕووی نەداوە.
ئەم لێدوانەی پارێزەرەکەی لاهوور شێخ جەنگی، دوای ئەوە دێت کە لە سۆشیال میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەوە کە ناوبراو لە زیندان ئازاد کراوە و بۆ دەرەوەی وڵات گواستراوەتەوە.
گرتنی لاهوور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل و هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ شەوی 22ی ئابی 2025. لەو شەوەدا، هێزە تەناهییەکانی سلێمانی کە پێکهاتبوون لە دژەتیرۆر، ئاسایش و کۆماندۆ، هەڵیانکوتایە سەر هۆتێل لالەزار کە بارەگای سەرەکیی لاهوور شێخ جەنگی بوو.
دوای چەند سەعاتێک لە پێکدادانی چەکداریی توند لە نێوان هێزە تەناهییەکان و پاسەوانەکانی، کە قوربانیی لێ کەوتەوە، هێزەکان چوونە ناو هۆتێلەکە و لاهوور شێخ جەنگی لەگەڵ چەندان کەسی نزیکی لە ناویاندا پۆڵادی برای گیران.
سلێمانی / وشە - هۆشمەند لەتیف