وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، داوای لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن کرد کە کۆمپانیاکانی گەیاندن و ئینتەرنێت ڕاسپێرن بۆ دابینکردنی ئۆفەری تایبەت بۆ قوتابییان و مامۆستایان، ئەوەش بۆ سەرخستنی پرۆسەی خوێندنی ئۆنلاین.
بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە لە 30ی ئادار دەرچووە و واژووی د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی لەسەرە، و ئاراستەی نووسینگەی وەزیری گواستنەوە و گەیاندن کراوە، تێیدا هاتووە "وەک ئاگادارن لەسەر بڕیاری حكوومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی پاراستنی گیانی خوێندکاران، قوتابییان، مامۆستایان و فەرمانبەران، پرۆسەی خوێندن کراوە بە ئۆنلاین و دیجیتاڵی."
لە نووسراوەکەدا وەزیری خوێندنی باڵا لە سۆنگەی ئەو بڕیارەوە داوا دەکات، کە لە ڕێگەی وەزارەتی گواستنەوەوە کۆمپانیاکانی گەیاندن و ئینتەرنێت ئاگادار بکرێنەوە بۆ ئەوەی هاوکاریی پرۆسەکە بکەن.
ئەوەش ڕوون کراوەتەوە کە ئەو هاوکارییە دەبێت لە ڕێگەی دابینکردنی ئۆفەری تایبەتی ئینتەرنێتەوە بێت بۆ خوێندکاران، قوتابییان و مامۆستایان، بە مەرجێک ئەو ئۆفەرانە لە ڕووی نرخ و کوالێتییەوە گونجاو بن بۆ پرۆسەی خوێندن، تا ببێتە جێگەی ڕێز و سوپاس.