عەلی حەمەساڵح بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست وەڵامی كەناڵەكەی بافڵ تاڵەبانی دەداتەوە، كە لەبارەی غازەوە چەند زانیارییەكی بێ بنەمای بڵاو كردووەتەوە.
كەناڵەكەی بافڵ تاڵەبانی كەوتوونەتەوە رەخنەگرتن لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەو كێشەیەی بەهۆی شەڕەوە بۆ غاز دروست بووە، ئەوان وای وێنا دەكەن كە بەشێك نین لەو حكوومەتەی ئێستە هەیە وەك هەمیشە تیرەكانیان روو لە پارتی دیموكراتی كوردستانە.
عەلی حەمەساڵح بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست لە كۆمێنتێكی كە بۆ كەناڵەكەی نووسیوە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە یەكێتی دەیان ساڵە حاكمی سلێمانییە، بۆچی خەزانێكی بۆ غاز نەبووە؟.
پرسیارەكەی عەلی حەمەساڵح لە كاتێكدا دێت، كە ئەو كەناڵە رەخنە لە حكوومەت دەگرن و ئەو قازانجە زۆرەی غازی بازرگانی نابینن كە حزبەكەیان دەیكات.
بەڵام لە هەمان بۆچووندا عەلی حەمەساڵح ئەوەیشی بیرهێناونەتەوە و نووسیویەتی، یەكێتی لە بازرگانیی غازی "قادر كەرەم"یش شەریكە، هیچ ساڵێك قازانجی 15 ملیۆن دۆلار كەمتر نییە لە غازی بازرگانی، "خۆ ئەو بازرگانییە باوكم نایكات".