مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە پێوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دیلان یەشیلكۆژ، جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری بەرگریی هۆڵەندا، گفتوگۆیان لەبارەی پەرەپێدانی پێوەندیی دوولایەنە و دوایین پێشهات و پەرەسەندنەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە كرد.
هەردوولا هێرشەكانی سەر هەرێمی كوردستان و پێشمەرگەیان شەرمەزار كرد و نیگەرانیی قووڵی خۆیان بەرانبەر گرژی و شەر و ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە دەربڕی.
جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری بەرگریی هۆڵەندا، ستایشی چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگەی كرد و پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ هێزی پێشمەرگە دووپات كردەوە. بە تایبەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هەڕەشەكانی تیرۆریستانی داعش.
سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بە گرنگیی پێشخستنی پێوەندیی دوولایەنە كرد و پێزانینی خۆی بۆ پشتیوانی و هاوئاهەنگیی بەردەوامی نێوان شانشینی هۆڵەندا و هەرێمی كوردستان لە بواری ئەمنی و گەشەپێدانی ئابووری دەربڕی.