كۆمێنتی پەیجی لایەنگرانی مەلا كامەران، لەبارەی هێرش بۆ سەر زانكۆی ئەمەریكی لە سلێمانی، ناڕەزایی لێ كەوتەوە و هاووڵاتییان داوای دادگایكردنی دەكەن، محەمەد هەورامی رای گەیاند، ئەوەی لێ قبووڵ ناكەین.
پەیجێك بەناوی لایەنگرانی مەلا كامەرانی سەرای ئازادی سلێمانی، كۆمێنتێك بۆ كەسێك لەبارەی هێرشە درۆنییەكانی سەر سلێمانی دەنووسێت و دەڵێت: "بەڵێ ئەمجارە هێرشەكان زۆر بەهێز بوون، هیوادارم بۆ سەر زانكۆی ئەمەریكی بێت، وەك ئەوەی ئێران هەڕەشەی كردبوو".
ئەم كۆمێنتە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەرای نایەوە و خەڵك داوا دەكەن ئەگەر مەلا كامەرانە، دادگای بكرێت و ئەوە هێرشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییە و پێویستە لایەنی تەناهیی وەڵامی هەبێت.
لەمبارەیەوە محەمەد هەورامی كەسی نزیك لە بەرهەم ساڵح كە دامەزرێنەری زانكۆ ئەمەریكییەكەی سلێمانییە، لە فەیسبووكی خۆی نووسیویەتی: "مەلای نامەلا، ئەگەر ئەم وڵاتە زەڕەیەك كەرامەتی زانكۆ و زانستی تێدا مابێت، ئەمەت لێ قبووڵ ناكات، زانكۆی ئەمەریكی دەتباتە بەردەم دادگا، چاوەڕێ بە.
مەلا كامەران یەكێك بوو لە چالاكە دیارەكانی خۆپێشاندانەكانی 17ی شوبات، دواتر لە پشكی بزووتنەوەی گۆڕان كرا بە بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عەمرەی سلێمانی.
مانگی یەكی ئەمساڵ لەسەر گوتار و قسەكانی بەرانبەر ڕۆژئاوای كوردستان، لەگەڵ مەلا هەڵۆ لەلایەن ئاسایشەوە گیران.