مەسروور بارزانی لە پێوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، پەرەسەندنەكانی دۆخی گشتیی هەرێمی كوردستان و قەتەر و ناوچەكەیان تاوتوێ كرد.
ئەمڕۆ پێنجشەم دووی نیسان، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە پێوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، پەرەسەندنەكانی دۆخی گشتیی هەرێمی كوردستان و قەتەر و ناوچەكەیان تاوتوێ كرد.
هەردوولا سەركۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریستییانەیان كرد كە دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان و قەتەر، نیگەرانی قووڵی خۆیان لە بەرانبەر پەرەسەندنی شەڕ و گرژییەكان لە ناوچەكە دەربڕی و دووپاتیان لە گرنگی پاراستنی ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری كردەوە.
هەردوولا هاوڕابوون لەوەی میلیشیا و گرووپە لە یاسادەرچووەكان، مایەی هەڕەشە و مەترسین و پێویستە حكوومەتی عێراق كۆنترۆڵیان بكات.
سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، دووپاتی لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری كردەوە و ئاماژەی بەوە دا كە دەبێ هەڕەشە و مەترسییەكانیش لەبەرچاو بگیرێن.
سەرۆكی حكوومەت، هاوسۆزی هەرێمی كوردستانی لەگەڵ خەڵكی قەتەر دووپات كردەوە .
هەردوولا كۆك بوون لەسەر پێویستی بەردەوامبوونی پێوەندیی و هاوئاهەنگی بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگاری و ئاستەنگەكان.