ئەمڕۆ لە پارێزگای دھۆك، كارەبای دوو شارۆچكەی تریش كرا بە 24 سەعاتی و تا كۆتایی ئەمساڵ، دھۆك بەتەواوی دەبێـتە خاوەنی كارەبای 24 سەعاتی.
بەڕێوەبەرایەتیی كارەبای دهۆك بڵاوی كردەوە، لە بەردەوامی گەیاندنی پڕۆژەی ڕووناكی بە سنوورەكە، ئەمڕۆ كارەبای ھەردوو شارۆچكەی ئاكرێ و سێمێل دەبێتە 24 سەعاتی و دواتریش تەنیا قەزاكانی بەردەڕەش و شێخان دەمێنن.
ئاماژە بۆ ئەوەیش كراوە كە پێش كۆتایی ئەمساڵ، لە پارێزگای دھۆك بەھەموو شارۆچكە و شارەدێیەكانەوە دەبێتە كارەبای 24 سەعاتی، بەمەیش ژمارەیەكی یەكجار زۆری موەلیدە دەكوژێننەوە و خەڵك كارەبای بەردەوامی دەبێت.
ئەوە لە كاتێكدایە كە ئەمڕۆیش كارەبای 24 سەعاتی گەیشتە سنووری كۆیە و تەقتەق و بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی كارەبا، تا كۆتایی ئەمساڵ تەواوی كارەبا كوردستان دەبێتە 24 سەعاتی.
پڕۆژەی رووناكی، پڕۆژەی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی كوردستانە كە كارەبای 24 سەعاتی دابین دەكات و خەڵك لە بری دانی دوو پارە، تەنیا یەك پارە دەدات، هەروەها بەگوێرەی راگەیەنراوی وەزارەتی كارەبا، ئەم مانگە زۆرینەی خەڵكی كوردستان تەنیا 35 هەزار دیناریان بۆ هاتووەتەوە.